نێچیرڤان بارزانى و ڤلادیمیر پووتین لە مۆسکۆ کۆبوونەوە
رووداو - مۆسکۆ
نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكوهزیرانى ههرێمى كوردستان و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، کۆبوونەوەکە دوای مەراسیمی "رۆژی سەرکەوتن"ی رووسیا ئەنجامدرا، تێیدا باس لە پەیوەندی مێژوویی هەردوولا کرا لە سەردەمی سۆڤێتییەوە تاوەکو ئێستا، تاوتوێی ئەوەش کرا چۆن پەیوەندییەکان لەڕووی سیاسی و ئابووریی بەهێزتر بکرێن.
سەبارەت بە بەرنامەی گەشتەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ مۆسکۆ، سەفین دزەیی رایگەیاند، بەرنامەکە ئەمڕۆ کۆتاییهات، کە بەشداریکردن بوو لە رێوڕەسمەکە و نێوەڕۆخوانێک لەلایەن ڤلادیمیر پووتین رێکخرابوو، دواتریش کۆبوونەوە، ئێستا بەرنامەکە کۆتاییهاتووە و بڕیارە بگەڕێینەوە.
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکی رووسیا، سەفین دزەیی رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوولا کرایەوە، ئەو پەیوەندییەش ببێتە بناخەیەک بۆ ئەوەی لەمەودوا پەیوەندییەکان باشتر بکەین، هەم لەرووی وزە و ئابووری، هاوکات پشتگیری دۆزی خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە کوردستان هەبێت. هەروەها پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ دراوسێیەکانمان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەن لەگەڵ بەغدا بە رێگەی ئاشتی و دیپلۆماسی و دیالۆگ".
سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، سەفین دزەیی گوتی "بێگومان لەدوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو، گەلێک وڵات هەڵوێستی تووندیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان پیشاندا، بەڵام هەڵوێستی رووسیا بە جۆرێکی دیکە بوو، تەنانەت جۆرێک لە نەرمیشی پێوەدیاربوو، ئێمە رێزمان بۆ ئەو هەڵوێستەی رووسیا هەیە".
سەفین دزەیی گوتیشی "ئەوە لاپەڕەیەک بوو، بەداخەوە گەلێک فشار لەسەر هەرێمی کوردستان کرا و گەمارۆدرا، بەڵام ئەمڕۆ دیپلۆماسییەتی حکومەت و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وایکرد ئەو ئابڵووقەیە لەسەر هەرێمی کوردستان نەمێنێت، لەوانە بانگهێشتی فەرمی سەرۆکوەزیران بۆ کۆشکی ئێلیزێ لەلایەن سەرۆک ماکرۆن، پاشان لە ئەڵمانیا و ڤاتیکان و تاران و بەشداریکردن لە چەندین کۆڕبەند لە داڤۆس و میونشن، ئەمڕۆ لە مۆسکۆ، بڕیارە سەردانی دیکەش لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەنجامبدرێن".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئێمە وەکو حکومەت و خەڵکی کوردستان هەمیشە خوازیاری ئەوەین پەیوەندیی باشمان لەگەڵ وڵاتاندا هەبێت، ئەو دەرفەتەشمان بۆ رێککەوتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ رووسیا، ئەمریکا، ئەوروپا، ئێران و تورکیا و هەموو وڵاتانی دونیا دەستی برایەتی و دۆستایەتی بۆ خەڵکی کوردستان و حکومەتی کوردستان درێژ بکەن، ئێمەش لە بەرامبەردا هەنگاوێک بچینە پێشەوە بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باشتر و باشتر بکەین".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان کۆمپانیای رووسنەفت لە بواری وزەدا، سەفین دزەیی گوتی "پەیوەندییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و روسنەفت و هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان کار دەکەن پەیوەندییەکی باشە، وایدەبینین لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکانی کۆمپانیای رووسنەفت لە کوردستان فراوانتر ببن، پەیوەندی و دیدارەکانیش بەردەوام دەبێت".
بڕیارە رۆژی 24ی مانگ لە سان پیترسبۆرگ کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووری ئەنجامبدرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی فەرمی بانگهێشتکراوە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود