وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە: حەج کردن تەنیا لە رێگەی فەرمییەوە بەردەستە

09-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ئاگاداری دەداتە هەموو کەسێک کە خۆیان بە دوور بگرن لەو پروپاگەندەیەی دەکرێت بە مەبەستی دابینکردنی ڤیزای حەج. دەشڵێت، "حەجکردن تەنیا لە رێگەی فەرمییەوە بەردەستە."
 
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە هەروەها رایدەگەیێنێت کە ڤیزای حەج تەنیا لە رێگەی شاندی وڵاتانەوە دابین دەکرێت کە زیاتر لە 80 وڵات دەگرێتەوە و لە رێگەی سەکۆی (نسکی حەج) ڤیزا بۆ 126 وڵات بەردەستە.
 
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە داوا لە موسڵمانان دەکات کە باوەڕ بە ریکلام و شتە نافەرمییەکان نەکەن کە لە رێگەی سۆشیال میدیا یان لە رێگەی دیکەوە دەکرێن و دەڵێت، " ئێمە لێی بەرپرسیار نین و نوێنەرایەتیی وەزارەت ناکەن."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە حەج کردن تەنیا لە رێگەی فەرمییەوە بەردەستە.
 
وەزارەتی حەج وعومرەی سعودیە ئاماژە بەوەش دەدات،  بە مەبەستی زیاتر رێگەگرتن لە دیاردەکە، هەستاوە بە دانانی سەنتەری چاودێریی میوانانی حەج و عومرە و سەنتەرەکە "بە شەو رۆژ بەردەستە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە