جیهان
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان. وێنە: پەڕەی فەیسبووکی قوباد تاڵەبانی
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی داوا لە وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان دەکات، کارئاسانی بۆ خوێندکارانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئۆلگا کیفالۆیانی، وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان کۆبووەوە و هەردوولا دڵخۆشی خۆیان بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان لەبواری گەشتوگوزاری دەربڕی، "بەتایبەتیش لە دوای دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانییەوە رێژەی سەردانکردنی گەشتیار لەنێوان هەردوولادا بەرزتر بووەتەوە."
قوباد تاڵەبانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، "داوام کرد حکومەتی یۆنان کارئاسانی بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بۆ خوێندن لە بواری گەشتوگوزاردا بکات."
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان "بە خۆشییەوە ئامادەیی پێشکێشکردنی هەموو جۆرە کارئاسانییەکی دەربڕی."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، بانگهێشتی وەزیری گەشتوگوزاری یۆنانی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە و "بانگهێشتەکەی قبووڵ کردم کە لە نزیکترین دەرفەتی گونجاودا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەڕاوێزی کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ کۆنستاتینۆس تساریاراس، وەزیری کشتوکاڵ و پەرەپێدانی گوندەکانی یۆنانیش کۆبووەوە.

بەگوێرەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکدا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراکدا تاوتوێ کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ