رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بنمیچی یانە شەوانەکەی دۆمێنیکا بۆ 113 کەس بەرزبووەوە.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، بنمیچی یانەیەکی شەوانە لە دۆمێنیکا رووخا. یانەکە ناوی (Jet Set)ـە و یەکێکە لە یانە شەوانە بەناوبانگەکانی شاری سانت دۆمینگۆی پایتەختی دۆمێنیکا و شەوانی دووشەممە کۆنسێرتی گۆرانیبێژە بەنێوبانگەکانی تێدا دەکرێت.
بەگوێرەی تیمە فریاگوزارییەکانی دۆمێنیکا، تاوەکو ئێستا 113 کەس گیانیان لەدەستداوە 150ـی دیکەش برینداربوون. میدیا نێوخۆییەکانی وڵاتەکە دەڵێن، 500 بۆ هەزار کەس لە کۆنسێرتەکە بەشداربوون.
روبی پێرێز، هونەرمەندی بەناوبانگی وڵاتەکە لە یانە شەوانەکەدا کۆنسێرتی هەبوو، لەکاتی رووداوەکە لەسەر سەکۆی گۆرانی گوتن بووە. بەڕێوەبەری کارەکانی دەڵێت، لە رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
لەنێو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، یاریزانێکی بەنێوبانگی بەیس بۆڵی وڵاتەکە و نێڵسی کرووز، پارێزگای شاری مۆنتیکریستی، گیانیان لەدەستداوە.
زیاتر لە 400 کەس لە تیمە فریاگوارییەکان هەوڵی رزگارکردن و دەرهێنانی برینداربووان لەژێر داروپەردوودا دەدەن.
سەرۆکی وڵاتەکە، سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاندووە. تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە دیار نییە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ