جیهان
بەشێک لەو چەکانەی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە دەستیان بەسەردا گیراوە. وێنە: وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا دەڵێت، ئەو چەک و تەقەمەنییە دەداتە ئۆکراینا کە لەکاتی گواستنەوەی لە ئێرانەوە بۆ حووسییەکان دەستی بەسەردا گرتووە.
رۆژی سێشەممە 9-4-20224 فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سوپای ئەمریکا پێنج هەزار کڵاشینکۆف، جۆرەکانی دیکەی چەکی بچووک لەنێویان ئاڕ پی جی و 500 هەزار فیشەکی بۆ سوپای ئۆکراینا دابینکردووە.
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو چەک و تەقەمەنییە هاوکاری ئۆکراینا دەکات بەرگری لە خاکی خۆی لەبەرامبەر هێرشی رووسیادا بکات".
سێنتکۆم باس لەوە دەکات، بەو هاوکارییە دەتوانرێت یەکەیەکی تەواوی سوپای ئۆکراینا پڕچەک بکرێت.
ئەم هاوکارییە سەربازییە بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە، چەندین مانگە کۆنگرێسی ئەمریکا پاکێجێکی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراینا پەسند ناکات کە بایی 60 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی بۆ سوپای ئۆکراینا دابین دەکات.
بەگوێرەی سێنتکۆم، ئەو چەک و تەقەمەنییە لە ئایاری 2021 بۆ شوباتی 2023 لەنێو چوار کەشتی "بێ ناسنامە"دا دەستی بەسەرداگیراوە کە هاوکارییە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان بۆ حووسییەکان دەگواستەوە.
لە تشرینی دووەمی 2023وە حووسییەکان دەیان هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئەوەش وەک خۆیان دەڵێن، بۆ تۆڵەکردنەوەیە لە بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
لەبارەی هێرشی حووسییەکانەوە سێنتکۆم دەڵێت، "هاوکارییەکانی ئێران بۆ ئەو گرووپە چەکدارە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان و هێزەکانمان و هاوبەشەکانمان دروست دەکات. ئێمە هەموو رێگەیەک دەگرینەبەر بۆ راگرتنی چالاکییەکانی ئێران کە دەبنەهۆی دروستکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا".
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد. وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ