لە بولگاریا دەست بەسەر سەتان بەلەمی گواستنەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیادا دەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

خاڵی سنووریی کاپیتان ئاندریڤۆ لە باشووری بولگاریا لەسەر سنووری تورکیا، بە یەکێک لە سنوورە قەرەباڵخەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دادەنرێت، کە کۆچبەران بۆ گەیشتنیان بە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا بەکاریدەهێنن. 
 
لەو خاڵە سنوورییە بە سەتان کەلوپەل دەستیان بەسەرداگیراوە، کە قاچاخچییەکان بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بەکاریان دەهێنن.
 
جۆرجی گۆسپۆدینۆڤ، بەرپرسی خاڵی سنووریی بولگاریا – تورکیا دەڵێ "لە کۆتایی ساڵی 2022، ئاژانسی گومرگی بولگاریس و بەرپرسانی بەریتانیا، زانیاریی هەواڵگریان ئاڵوگۆڕ کرد و بۆیان دەرکەوت؛ زۆربەی بەلەمە چووپەکان، ماتۆڕ و کەلوپەلەکانی دیکە لە تورکیاوە بە قاچاخ هێنراونەتە بولگاریا، لەوێشەوە بە قاچاخ براونەتە نۆکەندی ئینگلیز و بەو کەلوپەلە کۆچبەرانیان رەوانەی بەریتانیا کردووە."  
 
سنووری نێوان بولگاریا و تورکیا نزیکەی 150 کیلۆمەترە. بەرپرسانی بولگاریا دەڵێن لەماوەی 12 مانگی رابردوودا، دەستیان بەسەر؛ 52 ماتۆڕی ئاوی، 49 بەلەمی چووپ، 755 پەمپی هەوایی، 110 ئێلەگی مەلە، کە زۆربەیان لەنێو بارهەڵگری تورکیدا دەستیان بەسەردا گیراوە، کاتێک بەرەو وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا رۆیشتوون. 
 
لە ساڵی 2022ـوەوە بەریتانیا هەوڵیداوە لەگەڵ بەرپرسانی بولگاریا رێککەوتنێک واژۆ بکات تاوەکو سنوورەکانی تووندتر بکات. لەو کاتەشەوە بەریتانیا ملیۆنێک و 400 هەزار یۆرۆ و ژمارەیەک درۆنی بۆ دابینکردووە، تاوەکو چاودێریی سنوورەکانی بکات.
 
لە 14ـی شوباتی ئەمساڵ دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی لەبارەی هاوبەشیی نێوان بەریتانیا و بولگاریا گوتی "ئەمە هاوبەشییەکی گرنگە، لەبەرئەوەی دەمانەوێت ئەو بەلەمانە رابگرین کە بەنایاسایی خەڵک لە نۆکەندەکەوە و لە فەرەنساوە رەوانەی بەریتانیا دەکەن کە بووەتە بازرگانییەکی قێزەونی مرۆیی و خەڵکی زۆر لەو رێگەیە گیانیان لەدەستداوە." 
 
لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، پێنج هەزار و 373 کۆچبەر لەرێگەی بەلەمەوە و لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 42٪ زیاترە. لە هەمان ماوەدا حەوت کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
ساڵی رابردوو، نزیکەی 30 هەزار کۆچبەر بە بەلەم خۆیان گەیاندبووە بەریتانیا، کە زۆربەیان ئەفغانی، ئێرانی، ئەریتیری و عێراقی بوون.