رووداو دیجیتاڵ
زنجیرە چیاکانی پیرینێ لە باکووری ئیسپانیا لە نزیک سنووری فەرەنسا دیمەنی سەرنجڕاکێشی سەهۆڵبەندانەکانە، بەڵام رەنگە ئەو دیمەنانە لە ئایندەیەکی نزیکدا نەمێنن. زانایان هۆشداری دەدەن لەوەی، سەهۆڵبەندانەکانی نێوان ئیسپانیا و فەرەنسا دوای 10 ساڵی دیکە نامێنێت.
خوان ئیگناسیۆ مۆرینۆ، توێژەری بواری سەهۆڵبەندان لە ئەنجوومەنی توێژینەوەی نیشتمانی ئیسپانیا دەڵێت، "لە ساڵی 1984دا توێژینەوەیەک دەریخست 45 سەهۆڵبەندان لە پیرینێ هەبوون، بەڵام ئێستا تەنیا 17یان ماونەتەوە. ئەمساڵ چواری دیکەمان لە لیسەتەکەدا لابرد، رەنگە ساڵی داهاتوو هەر بە سەهۆڵبەندان ناویان نەبەین. هەروەها لە ساڵی 1984دا نزیکەی 800 هێکتار سەهۆڵبەندان لە ناوچەکەدا هەبوو، ئێستا تەنیا 160ە."
تواندنەوەی سەهۆڵبەندانەکان تەنیا ئەوروپای نەگرتووەتەوە و گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە 150 ملیۆن تۆن سەهۆڵ لە کیشوەری بەستەڵەکی باشوور و لە گرینلاندیش 270 تۆن سەهۆڵ بتوێتەوە.
زانایان هۆکاری تواندنەوەی سەهۆڵبەندانەکانی باکووری ئیسپانیا دەگەڕێننەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەو ناوچەیە بە 1.5 پلە لە سەدەی 19یەمەوە.
توێژەری بواری سەهۆڵبەندان لە ئەنجوومەنی توێژینەوەی نیشتمانی ئیسپانیا دەڵێت، "زۆر دواکەوتووین بۆئەوەی فریای سەهۆڵبەندانەکانی پیرینێ بکەوین. کاتێک ئەستووریی سەهۆڵەکەمان پێوا، زۆرترینیان لەنێوان 20 بۆ 40 مەتر بوو. ئێستا تێبینیی لەدەستدانی سەهۆڵ بە یەک بۆ دوو مەتر ساڵانە دەکەین. هاوینی رابردوو، لەدەستدانی پێنج مەتر سەهۆڵمان تۆمار کرد، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە بە چەند هاوینێکی هاوشێوەی 2022، سەهۆڵبەندان نامێنێت."
زنجیرە چیاکانی پیرینێ 430 کیلۆمەتر درێژن و 3400 مەتریش بەرزن، بەهۆی سەهۆڵبەندانەکەیەوە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەرنجڕاکێشە و ساڵانە سەتان شاخەوان روو لەو ناوچەیە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ