خۆپێشاندەران لە ئەڵمانیا داوای راگرتنی جەنگی ئۆکراینا و پێدانی چەک بە کیێڤ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

هەزاران کەس لە بەرلین، میونشن، کۆڵن، ماینز و چەندین شاری دیکەی ئەڵمانیا چوونە سەر شەقامەکان و داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و راگرتنی پێدانی چەک بە کیێڤ دەکەن.
 
خۆپێشاندەرێک دەڵێت، "ئەمڕۆ کە لە شەقامین، لەبەر ئەوەیە خەمی دۆخەکەمانە. جەنگی ئۆکراینا خەڵکێکی زۆری لەنێوبردووە و پێویستە ئاگربەستێک هەبێت. دەمانەوێت ئەو پەیامە بگەیێنینە حکومەت کە دەبێت ئاشتی و ئاگربەست بێتەئاراوە."
 
خۆپێشاندەرێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، "نیگەرانین لەوەی دۆخی جەنگی ئۆکراینا خراپتر دەبێت؛ چارەسەری ئاشتییانە رۆژ دوای رۆژ ئەستەمتر دەبێت. دەبێت چارەسەری ئاشتییانە کاری لەپێشینە بێت و دۆخی ئاسایشی رووسیاش لەبەرچاو بگیرێت."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناوە، بەرلین بە بەهای دوو ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئۆکراینای کردووە و پلانیشی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵ زیاتر لە دوو ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلاری دیکە هاوکاریی سەربازی ئۆکراینییەکان بکات. 
گرنگترین هاوکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ سوپای ئۆکراینا بریتی بوون لە پێدانی 18 تانکی لیۆپارد، 34 درۆنی چاودێری، 500 سیستمی بەرگریی ستینگەر، 14،900 مینی دژە تانک، پێنج سیستمی رۆکێتی مارس - دوو و 14 تۆپهاوێژی هاوتزەر.
 
لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناوە 46 وڵات هاوکاریی سەربازیی ئۆکراینایان کردووە. خۆپێشاندەرانیش دەڵێن ئەو هاوکارییانە جیهان رووبەڕووی جەنگێکی گەورە دەکەنەوە.
 
برونۆ ستینگێر، خۆپێشاندەر ئاماژە بەوە دەکات، "نامانەوێت چەکی ئەڵمانیا رەوانەی ئۆکراینا بکرێت، نامانەوێت چەکی ئەڵمانیا بۆ هیچ شوێنێک بنێردرێت؛ بە چەک ئاشتی بەدینایەت. ئەگەریش جەنگی سێیەمی جیهان بەرپا ببێت، ئەوروپا یەکەم سەنگەری دەبێت."
 
حکومەتی ئەڵمانیا پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2032 لە یارمەتیدانی سوپای ئۆکراینا بەردەوام بێت و بە بەهای 13 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئەو وڵاتە بکات، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی.