رووداو دیجیتاڵ
ژنە پارێزەرێکی کورد، لە كۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی توونس بە پێشکێشکردنی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی، خەڵاتی زێڕینی بەدەستهێنا؛ ئەو پارێزەرە دەڵێت، "ئەم خەڵاتەم لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکێش کرا."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی ئاداری 2025، ئاسیا جەلال، پارێزەر و چالاکی مەدەنی بە رووداوی گوت: "لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمی و بە ئەندامێتیی شاندێک لە سەندیكای پارێزەرانی هەرێمی كوردستان، بەشداریی كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی توونسمان کرد؛ كە لەلایەن حكومەتی توركیا و ئەكادیمیای ریمار رێكخرابوو."
بەشداربووانی ئەم کۆنفرانسە لە وڵاتەکانی ئوردن، توونس، جەزائیر، لیبیا، سوودان، عومان، میسر، لوبنان، قەتەر و تورکیا بوون، خەڵاتەكه دەدرێتە ئەو کەسانەی لە بوارەکەی خۆیان پێشەنگن.
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، مەرجی پێدانی خەڵاتەکە هەڵسەنگاندنی کار و چالاکیی دیکەی توێژەر بووە. کۆنفرانسەکە سێ رۆژی خایاندووە. خەڵاتەکە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکێش دەکرێت.
ئاسیا جەلال لەبارەی بەدەستهێنانی خەڵاتەکەوە روونیکردەوە: "یەكەم جارە خەڵاتێکی ئاوها لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق بەدەستبهێنرێت و لەسەر بنەمای كاروچالاكی پێشتر و پێشكێشكردنی توێژینەوە بووە. وەكو یەكەم ئافرەتی كورد لەو بوارەدا مەدالیای زێڕینم پێشكێشكرا؛ هەروەها لێکۆڵینەوەکەم بە پلەی نایاب وەرگیرا و لەلایەن زانكۆی ئەغادیری حكومی توركی بڕوانامەی ئەكادیمیای ریمارم پێبەخشرا."
ئاسیا جەلال، پارێزەرێكی کوردی خەڵکی كەركووكە؛ لەدایکبووی 1997ـە. دەرچووی کۆلێژی یاسایە و خێزاندارە. بەهۆی لێکۆڵینەوەی یاسایی، كار و چالاكی لە بوارەكانی كۆمەكی توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە، منداڵانی بێسەرپەرشت و چالاكی دیكەوە كە كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە هەبووە، توانیویەتی خەڵاتێكی زێڕین و بڕوانامەیەکی ئەکادیمی لە توونس بەدەست بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ