لە نایجیریا 287 قوتابی لەلایەن بۆکۆحەرامەوە رفێندران

رووداو دیجیتاڵ 
 
لە شارۆچکەی کوریگا لە باکووری رۆژئاوای نایجیریا چەکدارانی بۆکۆحەرام هێرشیان کردە سەر قوتابخانەیەک و چەندین قوتابییان رفاند.
 
عەبوڵـڵا بێلۆ، یەکێک لە شایەتحاڵەکانە و باسی ساتی هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دەکات، دەڵێ "مامۆستایەک، کە یەکێک بوو لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکە رفێنرا. مامۆستاکە نەیتوانی رابکات چونکە ژمارەیەک قوتابیی دەپاراست. کەسێک ویستی بە تەقەی هەوایی چەکدارەکان بترسێنێت، بەڵام سوودی نەبوو و کوژرا."
 
بەگوێرەی حکومەتی نایجیریا، لەو هێرشەدا 287 قوتابی رفێندراون. بەمەش لە دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەی قوتابییە رفێندراوەکان گەیشتووەتە نزیکەی 400 قوتابی. گرووپی بۆکۆحەرام، کە گرووپێکی پەڕگیری ئیسلامییە بە هێرشەکە تۆمەتبار دەکرێت.
 
دانیشتووانی شارۆچکەکە رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن بەوەی ناتوانێت لە بەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکە پارێزگارییان لێ بکات 
 
هاووڵاتییەکی شارۆچکەکە دەڵێ "تکایە وەرن و هاوکاریمان بکەن؛ بەجێمان مەهێڵن. سەرۆک لە کوێیە؟ پارێزگار لە کوێیە؟ قوتابییەکان لەنێو دارستانەکەن! تەنیا لە ماڵێکدا حەوت منداڵ رفێندران و لە ماڵێکی دیکەدا پێنج قوتابی رفێندران."
 
گرووپی بۆکۆحەرام بانگەشەی ئەوە دەکات، کە دەیەوێت حکومەتە سیکۆلارەکەی نایجیریا بڕوخێنێت و حکومەتێکی ئیسلامی دابمەزرێنێت.
 
چالاکڤانانی وڵاتەکەش پێیانوایە ئەو هێرشانەی گرووپە ئیسلامییەکە بۆ ئەوەیە حکومەت دانوستاندنیان لەگەڵدا بکات. 
 
شاهو سانی، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ لە نایجیریا دەڵێ "زۆر باش دەیانزانی ئەگەر هێرش بکەنە سەر قوتابخانەکان و خەڵک بڕفێنن، گوشار لەسەر حکومەت دروست دەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و لەو رێگەیەشەوە پارەیەکی زۆر بەدەستبهێنن."
 
لە ساڵی 2014ـەوە هێرشەکانی بۆکۆحەرام بۆ سەر قوتابخانەکانی نەیجیریا دەستیانپێکردووە. بەگوێرەی حکومەتی ئەو وڵاتە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم هەزار و 500 قوتابی لەلایەن گرووپەکەوە رفێندراون.