رووداو دیجیتاڵ
کەیسی هۆکۆل، حاکمی ویلایەتی نیویۆرک پلانێکی ویلایەتەکەی بۆ ناردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ وێستگەکانی میترۆ و شەمەندەفەر راگەیاند.
بەگوێرەی پلانەکە 750 کەس لە هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی شانبەشانی پۆلیس لە شوێنە گشتییەکانی ویلایەتەکە جانتای خەڵک دەپشکنن و دەیانەوێت چەکی نایاسایی کۆنترۆڵ بکەن.
ئەو بڕیارەی بەرپرسانی ویلایەتەکە دوای ئەوە هات، کە باندە تاوانکارییەکان و ژمارەی تاوانەکان لەو ویلایەتە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئالان ئولا، هاووڵاتیی ئەمریکی دەڵێ "لە ماوەی رابردوودا 'بەڵێ' دەتوانم ئەوە بڵێم ویلایەتەکە کەمێک ناسەلامەت بووە. بۆیە پێموایە حکومەت دەبێت ئەو دۆخە کۆنترۆڵ بکات پێش ئەوەی لە دەست دەربچێت."
تاوان و هێرشکردنە سەر خەڵک لە وێستگەکانی میترۆ و شەمەندەفەر لە ویلایەتی نیویۆرک خەریکە دەبێتە دیاردە.
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی نیویۆرک، تەنیا لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 570 کەس لە میترۆ و وێستگەکانی شەمەندەفەر لەو ویلایەتە تاوانیان بەرامبەر کراوە و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کەس تاوانیان بەرامبەر کراوە.
هاووڵاتیێکی دیکەی ئەمریکی سەبارەت بە بڵاوەپێکردنی ئەو هێزانە لە میترۆکان دەڵێ "لەوانەیە یارمەتیدەر بێت، لەبەرئەوەی کێ دەزانێت، لەوانەیە لێرە لەنێو ئێمەدا تیرۆریست هەبن. راستییەکەی من پێموایە دەبێت پۆلیسی نیشتمانی لێرە هەبێت بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان بپارێزێت."
ویلایەتی نیویۆرک کە ویلایەتێکی دیموکراتخوازە، پێچەوانەی کۆمارییەکان، لەگەڵ تووندکردنی یاسای تایبەت بە هەڵگرتنی چەکە. لە نوێترین راپرسیدا کە لەنێو ئەمریکییەکاندا کراوە، دەرکەوتووە کە 58٪ـی ئەمریکییەکان پێیان وایە چەک کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگەکەیانە و دەبێت چارەسەرێکی خێرای بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ