نێچیرڤان بارزانی لە ئیمارات: پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لە هەموو ئاستەکان تاوتوێ کرد

09-03-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
 پێشوازیی محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
پێشوازیی محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبوزەبی لە ئیمارات، سانی بن ئەحمەد زەیۆدی، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ بازرگانیی دەرەوە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتەی کەنداو پێشوازییان لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لەگەڵ ئیمارات لە هەموو ئاستەکان کردووە.
 
سەردانەکە دوای ئەوە هات، رۆژی 26ـی شوبات، کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیماراتی گەیاندە دەستی نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی سەردانکردنی ئەبوزەبی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی و تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی جێگەی بایەخی هەردوولان. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تویتەر "خۆشحاڵیی" خۆی بە پێشوازیکردنی لە لایەن سەرۆکی ئیماراتەوە دەربڕی و دەڵێت، باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و بە تایبەت هەرێمی کوردستان کردووە.
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات کە رێگەکانی پتەوکردن و پەرەپێدانیان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیمارات لە هەموو ئاستەکاندا باسکردووە و باسیان لە "کۆمەڵێک تەوەری دیکەی جێی بایەخی هەردوولا"ش کردووە.
 
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر باشترکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بە تایبەتی کە دەوڵەتی ئیمارات دەوڵەتێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە. هەروەها کاریگەریی خۆی لە هەموو روویەکەوە لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر ئاستی ناوچەکە هەیە. ئەو هاوکاری و پەیوەندییە بەردەوامەش بێگومان بۆ هەرێمی کوردستانیش کاریگەریی خۆی هەیە."
 
محەممەد بن زاید ئال نەهیان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئیمارات پێشوازییەکی گەرمی لە نێچیرڤان بارزانی کرد کە رەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە لەنێوان هەردوو سەرۆکدا هەیە. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات باسیان لە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمارات، بوارەکانی هاریکاریی هاوبەش، دۆخی عێراق، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی سەرنجی هەردوولایان کرد. 
 
ئەحمەد زاهری، کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە باس لە گرنگیی ئەم سەردان و پەیوەندییە بەهێزەی نێوان هەولێر و ئەبو زەبی دەکات. 
 
ئەحمەد زاهری، کۆنسوڵی گشتی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سەردانەکە سوپاس بۆ خودا زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی دوو قۆڵی، فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی میوانێکی خۆشەویستە لای دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو و لەسەر ئەو بنچینەیە کار دەکەین بۆ تۆکمەترکردنی پەیوەندییەکانمان لەسەر سەرجەم ئاستەکان."
 
لەم چەند ساڵەی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات پەرەیان پێدراوە. ئێستا ئیمارات چوارەم هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە و ساڵانە بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار شمەک و کاڵا هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمە جگە لەوەی لە رێگەی کۆمپانیاکانی دانە گاز و کۆمپانیای وزەی نیشتمانیی ئیماراتیش رۆڵی کاریگەر لە پیشەسازیی وزەی هەرێمی کوردستاندا دەگێڕن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە