والیی ویلایەتی بەڵخی ئەفغانستان لە تەقینەوەیەکدا کوژرا

09-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەفغانستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە والیی ویلایەتیی بەڵخی ئەو وڵاتە، کە بە شەڕکردن لە دژی داعش بەناوبانگ بوو، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە نووسینگەکەیدا کوژرا.
 
محەممەد داوود موزەمیلی، یەکێکە لەو بەرپرسە هەرە باڵایانەی بزووتنەوەی تاڵیبان کە دوای گەڕانەوەی بۆسەر دەسەڵات لە ساڵی 2021ـەوە کوژراون. 
 
لەدوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان، تووندوتیژی لە سەرانسەری ئەفغانستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام دۆخی ئەمنی دووبارە بەهۆی چەند هێرشێکی داعشەوە تێکچووەتەوە.
 
عاسف وەزیری، گوتەبێژی پۆلیسی ویلایەتی بەڵخ دەڵێت، "دوو کەس، لەنێویاندا محەممەد داوود موزەمیلی، والیی بەڵخ، ئەم بەیانییە لە تەقینەوەیەکدا کوژران،" هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، تەقینەوەکە لە نهۆمی دووەمی نووسینگەکەی روویداوە.
 
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە تویتێکدا رایگەیاندووە، والیی ویلایەتیی بەڵخ "لە تەقینەوەیەکی دووژمنانی ئیسلامدا کوژرا."
 
موزەمیلی سەرەتا والیی ویلایەتی نەنگەرهار بوو و لەوێ سەرکردایەتیی شەڕی دژی داعشی دەکرد، بەڵام ساڵی رابردوو گوێزرایەوە ویلایەتی بەڵخ. رۆژی چوارشەممە لەگەڵ دوو جێگری سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەفغانستان کۆبووەوە دوای ئەوەی کە سەردانی ویلایەتی بەڵخیان کرد بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەیەکی ئاودێریی گرنگ لە باکووری ئەفغانستان.
 
داعش بووەتە گەورەترین ئاڵنگاریی ئەمنی بۆ حکومەتی تاڵیبان و ژمارەیەک هێرشی دژی خەڵکی سڤیل و بیانی ئەنجامداوە. چەندین تەقینەوە ویلایەتی بەڵخیان کردووەتە ئامانج، لەنێویشیاندا، لە شاری مەزاری شەریفی ناوەندی ویلایەتەکە، کە داعش بەرپرسیاریەتیی لە هەندێک لەو تەقینەوانە راگەیاندووە.
 
کانوونی دووەمی ئەمساڵ، تەقینەوەیەکی خۆکۆژی بووە هۆی کوژرانی 10 کەس، ئەوەش دوای ئەوەی کە خۆی لە نزیک وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە کابووڵ تەقاندەوە، کە دواتر داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لێ راگەیاند.
 
ئەگەرچی هەردووکیان سوننین، داعش شەڕ بۆ دروستکردنی "خەلافەتێکی" جیهانی دەکات، بەڵام بزووتنەوەی تاڵیبان سەرنجی لەسەر فەرمانڕەوایی کردنی ئەفغانستانە دوور لە دەستوەردانی دەرەکی.
 
کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، لانیکەم پێنج هاووڵاتیی چینی کوژران دوای ئەوەی کە چەکدارێک خۆی کرد بەنێو هۆتێلێک کە زیاتر بازرگانەکان لە کابوول رووی تێدەکەن.
 
ئەو هێرشەش لەلایەن داعشەوە لەئەستۆ گیرا، بە هەمان شێوەی ئەو هێرشەی لەو مانگەدا کرایە سەر باڵیۆزخانەی پاکستان لە کابووڵ کە ئیسلامئاباد بە "هەوڵێک بۆ کوشتنی" باڵیۆزەکەی ناوی برد.
 
هەروەها ئەیلوولی ساڵی رابردوو، دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی رووسیا لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا کوژران کە داعش لەئەستۆی گرت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.