رووسیا داوا لە ئێران و ئەمریکا دەکات بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی

09-03-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن رێککەوتنی ئەتۆمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری لەبارەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نەنراوە، رووسیاش داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات بگەڕێنەوە بۆ سەر پابەندبوونی تەواو بە رێککەوتنەکە.
 
دوای بردنەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پێشبینیدەکرا ئەمریکا بەخێرایی بگەڕێتەوە بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەستبەکاربوونی جۆ بایدن تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ئەو مەبەستە نەنراوە. 
 
جۆ بایدن و ئیدارەکەی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ئێران ئەرکەکانی جێبەجێبکات، ئەوانیش دەگەڕێنەوە نێو رێککەوتنەکە و سزاکانیان لابدەن. نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "پێویستە ئێران چاوەڕێی هیچ شتێک نەکات، چونکە ئێمە زۆر بە روونی رامانگەیاندووە کە ئێمە ئامادەین بەشداری لە گفتوگۆی بونیاتنەردا بکەین. ئەوە ئەو بژاردەیەیە کە لەسەر مێز بووە."
 
رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 واژۆکرا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، لە بەرامبەریشدا ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە کەمکردەوە. 
 
لەبارەی شێوازی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکە ئێران دەڵێت، ئەوە ئەمریکا بوو کە یەکەمجار لە رێککەوتنەکە دوورکەوتەوە، بۆیە دەبێت هەنگاوی یەکەم لە لایەن واشنتنەوە بنرێت. 
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت: "باشترین رێگە بۆ کردنەوەی ئەم گرێیە، ئەوەیە کە ئەمریکا و ئێران هەردووکیان پێکەوە و لەگەڵ یەک هەنگاوی پێویست بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بنێن". 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوە دا: "ئەگەر ئێمە کێشمەکێشمان لەسەر ئەوە بێت کە دەبێت کام لایەن لە پێشدا دەگەڕێتەوە سەر پابەندبوون بە رێککەوتنەکە، ئەوا ئەم بێنەوبەردەیە تاهەتایە بەردەوام دەبێت."
 
پێچەوانەی بەندەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی، تاران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە بنکەی ئەتۆمی فۆردوو بۆ ٪20 بەرزکردووەتەوە و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە ئەگەر پێویستبکات بەرزتریشی دەکەنەوە.
 
هەروەها پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە بنکە ئەتۆمییەکانیدا کەمکردووەتەوە. بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی ئاژانسەکە، ئێران لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنزی ژێرزەوی، ئامێری سەنتەرفیوجی پێشکەوتووی نوێی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم داناوە، کە ئەوەش پێچەوانەی رێککەوتنەکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.