رێکخراوی لافام یارمەتی بۆ کوردانی ئێزدی کۆدەکاتەوە

رووداو - پاریس

رێکخراوی لافام، رێکخراوێکی تایبەتە بە ژنان و لەلایەن چەند چالاکوانێکی کوردەوە بەڕێوەدەبردرێت دوای ئەوەی سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە، وێنەی کچ، منداڵ و ژنانی کوردی ئێزدیان گرتووە کە لە دەستی داعش رزگاریان بووە و، لە پێشەنگایەکی تایبەتدا لە فەرەنسا نمایشیان دەکەن.

ئەو رێکخراوە ئێستا سەرجەم کار و چالاکییەکانی خۆی تایبەت کردووە بەو کوردە ئێزدیانەی بوونەتە قوربانی دەستی داعش و، لەو چوارچێوەیەشدا بەڵێنی هاوکارییان وەرگرتووە بۆ دروستکردنی خانوو و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ نزیکەی 470  کوردی ئێزدی.

جگە لە رەوەندی کوردی لە پاریس چەندین رێکخراو و چالاکوانی فەرەنسی لەبواری کاری رێکخراوەیی ژنان ئامادەی پیشانگاکە بوون و هەندێکیان ئامادەییان نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە کچ و ژنانی کوردی ئێزدی.

فرانسین کۆنراد، نوێنەری رێکخراوی ئافرەتانی خاوەنکار لە مۆناکۆ کە ئامادەی پێشەنگاکە بوو دەڵێ " ئەو وێنانەی ئەمڕۆ لێرە بینیمانن کاریگەری زۆریان لەسەر دروستکردم. لەچاوی ئەواندا دیارە کە چ نەهامەتییەکیان بینیوە، بۆیە پێویستە ژیانێکی باشتریان بۆ دابین بکرێت، رێکخراوەکەی ئێمە تایبەتە بە ئافرەتە خاوەنکارەکان و هەوڵدەدەین بەپێی توانا هاوکاری ئەو ئافرەتە ئێزیدیانە بکەین بۆ ئەوەی بتوانن ببنە خاوەنکار".