پووتین هۆشداریی جەنگێکی 'خراپی' جیهانی دەدات: گەلی رووسیا یەکدەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو ساڵ بەسەر جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا تێپەڕدەبێت و ڤلادیمیر پووتین کە بە هەڵگیرسێنەری جەنگەکە دادەنرێت؛ دەڵێت، "ناتواندرێت لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێندرێت،" هۆشداری دەداتە ئەمریکا لەوەی دەستوەردانی راستەخۆ لە جەنگدا نەکات، جەخیش لەوە دەکاتەوە کە "گەلی رووسیا یەکدەگرێتەوە" بەڵام ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکراینا رابگرێت، "لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا شەڕ دەوەستێت."
دوو رۆژ دوای ئەوەی تەکەر کارڵسن، رۆژنامەڤانی ئەمریکی هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆشکی کرێملن تۆمار کرد، دواجار بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 9ـی شوبات چاوپێکەوتنە مشتومڕهێنەکەی بڵاوکردەوە. هەڤپەیڤینەکە لەم کاتەدا دوو رەهەندی گرنگی لەخۆ گرتبوو؛ یەکێکیان ئەوە بوو کە سەرۆکی رووسیا بۆ یەکەم جارە لەدوای هەڵگیرساندنی جەنگی ئۆکراینا چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیای رۆژئاوادا بکات، دووەمیش ئەوەیە کە جەنگەکە لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە و هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتایی هێنانی بەدیناکرێت. ئەوە وێڕای ئەوەی کە میدیای رۆژئاوا باس لەوە دەکات، گرنگیی سێیەمیشی بۆ خودی پووتین خۆی هەیە، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە نزیکە و پووتین دەیەوێت رەوایەتیی بە جەنگی سەر ئۆکراینا بدات.
لە دەستپێکی هەڤپەیڤینەکەدا، رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکە پرسیارێکی سادە لە پووتین دەکات و دەڵێت، "بۆچی هێرشتان کردە سەر ئۆکراینا؟" بەڵام پووتین داوا دەکات، پێش وەڵامدانەوەی "لە 30 چرکەدا" باسی مێژوو و هۆکاری ناکۆکییەکان لەگەڵ ئۆکراینا بکات. ئەوەی جێی سەرنج بوو، ئەوەبوو کە پووتین بەبێ وەستان، بەبێ ئەوەی کاخەزێکی لەبەردەست بێت، بۆ ماوەی نزیکەی 30 خولەک نەک 30 چرکە قسەی لەبارەی مێژووی رووسیا و یەکێتیی سۆڤیەت کرد تاوەکو گەیاندییەوە ئەمڕۆ.
گرنگترین ئەو تەوەرانەی هەڤپەیڤینەکەیان داگیرکرد، بریتیبوون لە: فراوانبوونی ناتۆ، جەنگی ئۆکراینا و دەرهاوێشتەکانی لەسەر ئابووریی جیهان و ئایندەی ململانێکان لەو ناوچەیەدا.
رووسیا دەتوانێت ببێتە ئەندامی ناتۆ؟
ڤلادیمیر ڤلادیمیرۆڤیچ پووتین، تەمەن 71 ساڵ، لەماوەی ژیانی سیاسییدا دوو جار سەرۆکایەتیی رووسیای کردووە؛ یەکەمجار لە ساڵی 2000 تاوەکو 2008 و دووەم جاریش لە ساڵی 2012 تاوەکو ئێستا؛ لە ساڵی 1999 بۆ 2000 و لە ساڵی 2008 بۆ 2012ش سەرۆکوەزیران بووە.
لە حوزەیرانی ساڵی 2000 بیڵ کلینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا سەردانی رووسیای کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین کۆبووەوە.
پووتین لە هەڤپەیڤینەکەیدا دەڵێت، ئەو کاتەی بیڵ کلینتۆن سەردانی مۆسکۆی کرد، "پێمگوت رووسیا دەتوانێت ببێتە ئەندامی ناتۆ؟ دوای ئەوەی قسەی لەگەڵ تیمەکەی کرد، گوتی، نەخێر ئەمە ناکرێت".
بەڵام پووتین ئاماژەی بە پێشڤەچوونەکانی رووسیا کرد کە لەدوای ئەوکاتەوە بەدیهاتوون و گوتی: "ئێستا لە پەرەپێدانی سیستمی مووشەکی دەنگبڕ لەپێش ئەمریکا و هەموو وڵاتێکەوەین و هەموو رۆژێک بەرەو پێشتر دەچین، ئێمە وامان نەدەویست بەڵام ناچارکراین."
هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی - ناتۆ لە ساڵی 1949 لەلایەن ئەمریکا، کەنەدا و ژمارەیەک وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا دامەزرا کە مەبەست لێی دروستکردنی بەرگرییەکی بەکۆمەڵ بوو لە دژی یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکات.
پووتین: گەلی رووسیا یەکدەگرێتەوە
ڤلادیمیر پووتین دەڵێت، لەدوای ئەوەی رێککەوتنی مینسکیان لە ساڵی 2014 لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوای و ئۆکراینا کرد بۆ جێهێشتنی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، "بەڵێنمان پێدرابوو کە سنووری ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات درێژنابێتەوە، بەڵام پێچەوانەکەیان کرد و پێنج جار درێژکرایەوە."
پووتین لەبارەی هۆکاری هێرشکردنە سەر ئۆکراینا دەڵێت، سەرکردایەتیی ئێستای ئۆکراینا رەتی کردەوە پەیماننامەی مینسکی 2014 جێبەجێ بکات کە یەکێک لە 13 خاڵی رێککەوتنەکە، ئەوەبوو کە دەبوو هەموو هێزە بیانییەکان لە ئۆکراینا وەدەرنرێن.
رۆژی 24ـی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیا، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.
سەرۆکی رووسیا لەو بارەیەوە گوتی، "ئەوە ئێمە نەبووین لە ساڵی 2022 شەڕمان دەستپێکرد، بەڵکو ئۆکراینا ئەم شەڕەی لە ساڵی 2014 دەستپێکرد و ئێمە هەوڵی راوەستاندنی دەدەین. ئەوەی ئێمە دەیکەین هەوڵدانە بۆ وەستاندنی جەنگەکە." مەبەستی پووتین خۆپێشاندانی سەرتاسەریی ئۆکراینا بوو لە ساڵی 2014 کە بووە هۆی لادانی ڤیکتۆر کۆناشینکۆڤی سەرۆکی ئەوکاتی ئۆکراینا و هاوپەیمانی پووتین.
پووتین پێیوایە رووسیا و ئۆکراینا گەلێکی ئاوێتەی یەکدین و کولتوور و ئایین و دابوبنەریتی یەکگرتوویان هەیە؛ لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەیدا، جەختی لە یەک شت کردەوە: "گەلی رووسیا یەکدەگرێتەوە، یەکگرتوویی هێشتا ماوە. کەس ناتوانێت رۆحی [رووسەکان و ئۆکراینییەکان] لەیەکدی جیابکاتەوە."
هۆشدارییەک بۆ ئەمریکا؛ "جەنگێکی خراپی جیهانی"
پووتین ئاماژە بەوە دەکات، رووسیا هێشتا ئامانجەکانی لە ئۆکراینا بەدەستنەهێناون، چونکە دەڵێت، "یەکێک لە ئامانجەکانمان قەدەخەکردنی نازیی نوێیە."
هاوکات، سەرۆکی رووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکراینا رابگرێت، "لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا شەڕ دەوەستێت."
رۆژی 5ـی ئەم مانگە ڤوادسواڤ کۆشینیاک، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەبێت بەپەلە ئامادەکاری بۆ هەڕەشەی شەڕکردن لەگەڵ رووسیا ئامادە بکات. هەروەها لە ماوەی رابردوودا، پۆڵەندا چەندین جار رووسیای بەوە تۆمەتبار کردووە کە درۆنەکانی مۆسکۆ سنوورەکانی پۆڵەندایان بەزاندووە و ئەوەش ترسی لەلای پۆڵەندا دروست کردووە.
لەبارەی ئەوەی کە ئایا رووسیا بە ئۆکراینا ناوەستێت و هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی دیکەی دراوسێی ئۆکراینا کە ئەندامی ناتۆن، پووتین دەڵێت، "نیازمان نییە هێرش بکەینە سەر پۆڵەندا و لاتڤیا، مەگەر ئەوان دەستپێشخەری بکەن و هێرشمان بکەنە سەر." چونکە ئەو پێیوایە ئەوە جەنگێکی جیهانیی وێرانکەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سەرۆکی رووسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا سەرباز بنێرێتە ئۆکراینا، "جەنگێکی خراپی جیهانی روودەدات، ئەمە روونە، ئایا ئەمریکا پێویستی بەوەیە؟ بۆ چ شتێک؟ ئایا هیچ کارێکی باشتر نییە بکەیت لەوەی بە دووریی هەزاران کم سەرباز بنێریتە ئۆکراینا؟ ئێوە خۆتان کێشەی نێوخۆییتان هەیە. ئایا باشتر نییە دانوستاندن لەگەڵ رووسیا بکەیت؟"
سزا بۆ رووسیا و "زیان بۆ ئەمریکا"
لەدوای ئەوەی لە شوباتی 2022دا رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، وڵاتانی رۆژئاوا سزای قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە. لەوانە، دەرکردنی وڵاتەکە لە سیستمی سویفت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دارایی و سنووردارکردنی مامەڵەی بازرگانی بە دۆلاری ئەمریکییەوە لەگەڵ رووسیا.
لەو بارەیەوە، پووتین دەڵێت، "تا ساڵی 2022 نزیکەی 80%ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەرەوەی رووسیا لە رێگەی دۆلار و یۆرۆوە دەکرا. دۆلاری ئەمریکی 50%ی کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان لەگەڵ وڵاتی سێیەم پێکدەهێنا. ئێستا کەمترە لە 13%. ئێمە دۆلارمان بلۆک نەکرد، بەڵکو ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بە دۆلارەوە سنووردار کرد. ئەوەش زیانی بە ئابووریی ئەمریکا گەیاند."
سەرۆکی رووسیا ئاماژە بەوەش دەکات، "ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەڕێگەی یووانی چینییەوە 3% بوو. ئێستا 34% لەڕێگەی روبڵ و کەمێک زیاتر لەوەش بە یووان دەکرێت. چەند وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوتیش ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە بە یووان بازرگانی بە نەوتەوە بکەن و بەشێکیان بازرگانی پێوەی دەکەن."
وڵاتانی رۆژئاوا لە ئەیلوولی 2022دا رووسیایان بە تەقاندنەوەی بۆریی نۆرد ستریم 2 تۆمەتبار کرد کە گازی رووسیای بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەگواستەوە، هاوکات بە جەنگی وزەی رووسیا بەرامبەر تەواوی ئەوروپا ناوزەندیان کرد.
دیالۆگێکی پووتین و ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییە لەبارەی تەقاندنەوەی بۆریی نۆرد ستریم:
رۆژنامەڤان: کێ بۆڕیی نۆرد ستریمی تەقاندەوە؟
پووتین: ئێوە (ئەمریکییەکان)!
رۆژنامەڤان: من ئەو رۆژە سەرقاڵ بووم.. من نۆرد ستریمم نەتەقاندەوە.
پووتین: لەوانەیە بۆ ئەوە تۆ بەڵگەیەکت هەبێت، بەڵام CIA هیچ بەڵگەیەکی نییە.
رۆژنامەڤان: تۆ بۆچی بەڵگەیەک ناخەیتەڕوو و سەرکەوتن بەسەر پڕوپاگەندەدا تۆمار ناکەیت؟
پووتین: لە جەنگی پڕوپاگەندەدا، زۆر قورسە لە ئەمریکا ببەیتەوە، چونکە ئەمریکا هەموو میدیای جیهانی کۆنترۆڵ کردووە.