پووتین بۆ وڵاتانی رۆژئاوا: ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێنن
رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایدەگەیێنێت کە وڵاتانی رۆژئاوا دەبێت لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێنن. پووتین لەبارەی شەڕی ئۆکرایناشەوە گوتی، نامانەوێت شەڕی ئۆکراینا بۆ وڵاتانی دیکە فراوان ببێت.
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا کە رۆژی پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024، پەخشکرا رایگەیاند: "رۆژئاوا ئێستا لەوە تێدەگات کە سەرەڕای یارمەتییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆ، ناتواندرێت لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێندرێت".
پووتین گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هەوڵی زۆر هەبوو بۆ ئەوەی لە بەرەکانی جەنگدا شکست بە ستراتیژی رووسیا بگەیێنن، بەڵام ئێستا لەوە تێدەگەن کە ئەستەمە ئەوە بەدەستبهێنن".
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپی هەر لە دەستپێکی جەنگەوە، پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و بە چەک و پارە یارمەتییان داون.
لە حوزەیرانی ساڵی رابردووش، سوپای ئۆکراینا بە یارمەتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، هێرشی پێچەوانەی دژی سوپای رووسیا بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی دەستپێکرد.
بەگوێرەی وێبسایتی ڤیژواڵ کاپیتاڵیست، لە 23ـی مانگی سەرەتای جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە 230 ملیار دۆلار هاوکاری گەیەندراوەتە ئۆکراینا، کە 70٪ـی لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواوە دابینکراوە.
سەبارەت بە پەرەسەندنی شەڕی ئۆکراینا بۆ وڵاتانی دیکە پووتین گوتی: "ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان لە پۆڵەندا، لاتیڤیا و هیچ شوێنێکی دیکە نییە. بۆچی ئێمە ئەو وڵاتانە داگیر بکەین؟ بەشێوەیەکی سادە، ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان لەوەدا نییە". پوتیشی گوتیشی: "تەنیا ئەو کاتە شەڕ لەگەڵ پۆڵەندا روودەدات، ئەگەر پۆڵەندا هێرشبکاتە سەر رووسیا".
رۆژی 5ـی ئەم مانگە ڤوادسواڤ کۆشینیاک، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەبێت بەپەلە ئامادەکاری بۆ هەڕەشەی شەڕکردن لەگەڵ رووسیا ئامادە بکات. هەروەها لە ماوەی رابردوودا، پۆڵەندا چەندین جار رووسیای بەوە تۆمەتبار کردووە کە درۆنەکانی مۆسکۆ سنوورەکانی پۆڵەندایان بەزاندووە و ئەوەش ترسی لەلای پۆڵەندا دروست کردووە.
رووسیا بەشێکی هەرێمی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلیاڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنتڕۆل کردووە، لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە و بەبەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
رۆژی 24ـی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیا، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.