پەناخوازێکی ئێرانی 15 کەسی لە سویسرا بە بارمتە گرت و کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

پەناخوارێکی ئێرانی لە هەرێمی ڤوۆ لە رۆژئاوای سویسرا، 15 کەس لەنێو شەمەندەنەفەرێک بۆ ماوەی چوار کاژێر بە بارمتە دەگرێت و دواتر پۆلیس هێرش دەکەن سەر پەناخوازەکە و دەیکوژن.
 
پۆلیسی سویسرا رایگەیاند، ئەو کەسەی شەوی پێنجشەممە، 8ی شوبات، لە هەرێمی ڤوۆ لە نزیک سنووری فەرەنسا لەنێو شەمەندەفەرێکدا بە بەکارهێنانی داس 15 کەسی بە بارمتە گرتبوو، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە کوژراوە.
 
ژان کریستۆف ساترێل، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی ڤوۆ، رۆژی هەینی 9ی شوباتی 2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هێرشکارەکە نزیکەی کاژێر شەشی پاشنیوەڕۆ، 14 سەرنشین و شۆفێری شەمەندەفەرەکەی بە بارمتە گرتبوو. 
 
دواتر پۆلیسی سویسری لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دوای چوار کاژێر، توانیان سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکەن و هیچ لە بارمتەکانیش زیانیان پێنەگەیشتووە. یەکێک لە بارمتەکان بە میدیای سویسری راگەیاندووە، "شڵەژاویی و دڵەراوکێی زۆر بە هێرشکارەکەوە دیار بوو".
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی ڤوۆ راشیگەیاند لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا هێرشکارەکە کوژراوە کە پەناخوازێکی ئێرانیی تەمەن 32 ساڵان بووە و بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی قسەی کردووە. 
 
زانیاری زیاتر لەبارەی هێرشکارەکە بڵاونەکراوەتەوە، لێکۆڵینەوەی پۆلیس بەردەوامە تاوەکو بزانن ئامانجی ئەو کارەی پەناخوازە ئێرانییەکە چی بووە.