لە ساڵێکدا قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەمریکا 61 ملیۆن دۆلار بووە

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی دامەزراوەی ئاماری ئەمریکا، ئێران و ئەمریکا کە زیاتر لە 44 ساڵە پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسیان نییە، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 61 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان هەبووە.
 
دامەزراوەی ئاماری ئەمریکا لە نوێترین راپۆرتیدا، ئامارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵات لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 61.2 ملیۆن دۆلار بووە.
 
بەپێی ئەو دامەزراوەیە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 59 ملیۆن دۆلار هەناردەی ئەمریکا بووە بۆ ئێران و هەناردەی ئێران بۆ ئەمریکاش زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار بووە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەراورد بە ساڵی 2022، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە 8٪ زیادی کردووە، بەو پێیەی لەو ساڵەدا قەبارەی بازرگانیی نێوانیان 56.7 ملیۆن دۆلار بووە، کە زیاتر لە 45.5 ملیۆن دۆلاری هەناردەی ئەمریکا بووە بۆ ئێران.
 
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی ئاماری ئەمریکا، هاوردەی ئەمریکا لە ئێران لە ساڵی 2023دا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە 11.2 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2022ـەوە گەیشتووەتە 2.2 ملیۆن دۆلار.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، کە لە مانگی کۆتایی ساڵی 2023دا بازرگانی نێوانیان گەشەیەکی بەرچاوی کردووە و هەناردەی ئەمریکا بۆ ئێران لەو مانگەدا دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار، هەروەها هاوردەکردنی کەلوپەل لە ئێرانیشەوە بۆ ئەمریکا شەش هێندە زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ 600 هەزار دۆلار.
 
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979، پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا ئاڵۆزییان تێکەوت و بە تایبەت دوای رووداوی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، لە 09-04-1980، بە بڕیاری جیمی کارتەر، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئەمریکا، واشنتن هەموو پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران پچراند.