لە هەڵبژاردنی پاکستان بەشێک لە بەربژێرە سەربەخۆکانی نزیک لە عیمران خان دەرچوون
رووداو دیجیتاڵ
دوێنی پێنجشەممە ملیۆنان هاووڵاتی پاکستانی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان. هەرچەندە عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان مافی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکە نەبوو، بەڵام بەربژێرە سەربەخۆکانی نزیک لە عیمران خان بەشێک لە کورسییەکانی پەرلەمانیان بردەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 9ـی شوباتی 2024، دوای 18 کاژێر لە کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پاکستان ئەنجامی 100 کورسی پەرلەمانی راگەیاند.
بەگوێرەی ئەو ئەنجامەی کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پاکستان بڵایکردووەتەوە، بەربژێرە سەربەخۆکانی نزیک لە پارتەکەی عیمران خان توانیویانە 47 کورسی پەرلەمانی ببەنەوە.
هەروەها پارتی یەکێتی موسڵمانان، کە لەلایەن نەواز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری پاکستان سەرۆکایەتی دەکرێت، توانیویەتی لەو ژمارە کورسییەی کە راگەیێندراوە، 18 کورسی پەرلەمانی بباتەوە.
پارتی گەلی پاکستانیش توانیویەتی تاوەکو ئێستا 24 کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت.
هەر پارتێک بییەوێت کە حکومەت پێکبهێنێت، پێویستی بە 133 کورسی پەرلەمان هەیە، بەڵام چاودێران پێیانوایە کە هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن ئەو ژمارە کورسییە بەدەستبهێنن.
شەریف کە لەساڵی 2018 بە تۆمەتی گەندەڵی سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام لەساڵی 2019، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رێگەی پێدرا، بچێتە لەندەن و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە بەریتانیا مایەوە.
پار، بەپێی بڕیارێکی تایبەتی دادگەی باڵای پاکستان، رێگەدرا شەریف بگەڕێتەوە بۆ پاکستان. ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی پێشووتری پاکستان، عیمران خان، سەرۆکی پارتی تەحریک ئینساف، بە تۆمەتی گەندەڵی و ئاشکراکردنی زانیارییە نهێنییەکانی دەوڵەت سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پاکستانیش بەفەرمی خانی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوورخستەوە.
بەگوێرەی پارێزەری عیمران، سەرۆکوەزیرانی پاکستان هێشتا 170 تۆمەتی لەسەرە تاوەکو ناوی خۆی پاکبکاتەوە و ئازاد بکرێت.
هەرچەند پارتی ئینساف تەحریکی پاکستان وەک گەورەترین پارتی پاکستان سەیر دەکرێت و لەلایەن عیمران خانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەی نەبوو، بەڵام چاودێران پێیانوایە کە بەربژێرە سەربەخۆکانی نزیک لە پارتەکە دەتوانن بەشێکی زۆری دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە ببەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پارتی رابیتەی ئیسلامی – نەواز کە لەلایەن نەواز شەریفەوە سەرکردایەتیی دەکرێت و پێشتر سەرۆکوەزیران بووە، رکابەریی ئینساف تەحریک دەکات. چەند شرۆڤەکارێک رایانگەیاندووە، "نەواز دەیباتەوە."
پارتی گەل، پارتێكە تاڕادەیەک لیبراڵە بە سەرۆکایەتی بیلاوال بۆتۆ، کوڕی بینەزیر بۆتۆ کە دوو خول سەرۆکوەزیرانی پاکستان بووە.
پارتەکانی دیکە وەک "عەوامی نیشتمانی" و "کۆمەڵەی ئیسلامی" و "کۆمەڵگەی زانایانی ئیسلام" و دەیانی دیکە بەراورد بە سێ پارتە گەورە و سەرەکییەکان توانای بەدەستهێنانی دەنگی زۆریان نییە و زیاتر بە چوونە نێو هاوپەیمانیەکانەوە دەرفەتی دەسەڵاتیان دەبێت.