رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا دادگایی ناکرێت لەسەر هەڵگرنی ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنیی حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی 2017 ئەوکاتەی لە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا نەماوە.
رۆبەرت هور، راوێژکاری یاسایی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسی هەڵگرتنی هەندێ بەڵگەنامەی نهێنی حکومەتی ئەمریکا لەلایەن بایدنەوە لە ساڵی 2017، راپۆرتی تایبەتی خۆی لەسەر ئەو کەیسە بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا، کە باس لە 15 مانگ لێکۆڵینەوە لەو کەیسەدا دەکات، راوێژکاری یاسایی، رەتیکردووەتەوە بایدن لەسەر ئەو کارە دادگایی بکات، لەبەر ئەوەی بایدن و تیمەکەی زۆر هاوکاربوون لە لێکۆڵینەوەکەی.
بەڵام هەواڵە خۆشەکە بۆ بایدن لەوێدا کۆتایی دێت کە دادگایی ناکرێت. لە راپۆرتەکەدا، رۆبەر هور، بایدن بە کەسێکی "بەڕێز و پیاوێکی بەتەمەن و بیروهۆشێکی خراپ" پێناسە دەکات.
بەهۆی ئاشکراکردنی هەندێک نهێنی و پێشاندانی بایدن کە بیروهۆشی خراپە، نێوڕۆکی راپۆرتەکە زیانێکی دیکەیە بە پێگەی بایدن بۆ رازیکردنی دەنگدەرانی ئەمریکا کە متمانەی پێبکەن چوار ساڵی دیکە لە سەرۆکایەتی بیهێڵنەوە.
لەدوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەی رۆبەرت هور، بایدن بە تووڕەییەوە وەڵامی ئەو راپۆرتەی دایەوە و رایگەیاند، "بیروهۆشم باشە."
هەروەها بایدن بە تووندی ئەو قسانەی نێو ئەو راپۆرتەی رەتکردەوە کە رایگەیاندووە، "بایدن لەبیری نەماوە کەی (بەو)ـی کوڕی مردووە." گوتیشی ئەو زانیارییانەی نێو راپۆرتەکە هەڵەن کە دەڵێن، "بایدن ئاگاداربووە کاتێک بەڵگەنامەکانی لە ماڵەکەی خۆیدا هەڵگرتووە."
لە راپۆرتە 388 لاپەڕەکەیدا هور لەبارەی بایدنەوە نووسیوویەتی، "بەڕێز بایدن، ئامادەیە بچێتە بەردەم دەستەی سوێندخۆران، هەروەکو چۆن ئێمە قسەمان لەگەڵ کرد و پرسیارمان لێکرد، ئەو کەسێکی نەرمونیانە و بەڕێزە، بەڵام پیاوێکی بەتەمەنە و بیروهۆشی خراپە."
قسەکردن لەسەر بیروهۆشی بایدن، لەکاتێكدایە ئەم هەفتەیە، بایدن لە سێ شوێنی جیاوازدا، سێ هەڵەی زەقی کردووە کە هەرسێکیان بووە هۆی مایەی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببێتە جێگەی گاڵتەپێکردنی.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، بایدن باسی لە گفتۆگۆیەکی نێوان خۆی و ئەنگێلا مێرکڵی راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا لە ساڵی 2021 کرد، ئەو مێرکڵی لەگەڵ راوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا هێلمەت کۆل تێکەڵکرد.
هێلمەت کۆل لە ساڵی 1982 بۆ ساڵی 1998 راوێژکاری ئەڵمانیا بوو. لەکاتێکیشدایە ئەو سیاستەتڤانەی ئەڵمانیا لە ساڵی 2017ـەوە کۆچی دواییکردووە. گفتوگۆکەی کە بایدن باسی دەکات، لەبارەی هێرشی سەر کۆنگرێسەوە بوو.
لەبارەی تەمەنی و بیروهۆشییەوە، بایدن دەڵێت، "بیروهۆشم باشە، تەماشا بکەن چیم کردووە لەوەتەی بوومەتە سەرۆک، ئەوانە چۆن روویاندا؟"
هەر لە گوتارەکەی رۆژی پێنجشەممەیدا لەبارەی راپۆرتی راوێژکاری یاسایی، بایدن هەڵەیەکی دیکەی کرد و سەرۆکی میسر و مەکسیکی تێکەڵکرد. رایگەیاند "هەروەکو دەزانن، لە سەرەتادا، سەرۆکی مەکسیک، سیسی، نەیدەویست دەروازەکە بکاتەوە تاوەکو هاوکاری مرۆیی بڕوات، بەڵام قسەم لەگەڵ کرد و رازیم کرد دەروازەکە بکاتەوە."
رۆژی 6ـی ئەم مانگەش لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارێکدا لە شاری لاس ڤێگاس، بایدن، سەرۆکی ئێستای فەرەنسا و سەرۆکی پێشووتری ئەو وڵاتەی لێ تێکچوو.
بایدن باسی بەشداریکردنی یەکەم لووتکەی وڵاتانی جی حەوتی کرد لە ساڵی 2021 و رایگەیاند "لەدوای هەڵبژاردنم، چوومە کۆبوونەوەی جی حەوت لە باشووری ئینگلتەرا و دانیشتم و بە سەرکردەکانی دیکەم گوت 'ئەمریکا گەڕایەوە!' دواتر میتران لە ئەڵمانیا، ببوورە فەرەنسا، تەماشای کرد و پرسیاری کرد 'تا کەی دەمێنیتەوە؟'"
بایدن، ئیمانوێل ماکرۆنی لەگەڵ فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کە لەساڵی 2017وە مردووە، لێ تێکچوو.
هور لە درێژەی راپۆرتەکەیدا، ئاماژە بە شاردنەوەی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانە دەکات و رایدەگەیێنێت، بەڵگەنامەکان زیاتر پەیوەست بوون بە جەنگی ئەفغانستانەوە.
تایبەت بە تەندروستیی سەرۆکی ئەمریکا، رۆبەرت هور، لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، "بیری بایدن، زۆر سنووردار بووە کاتێک لەلایەن ئەندامانی تیمی لێکۆڵەرەوان لێکۆڵێنەوەی لەگەڵدا کراوە. بایدن لەبیری نەماوە چی ساڵێک پۆستی جێگری سەرۆکایەتیی ئەمریکای وەرگرتووە و کەیش تەواو بووە و چی ساڵێک کوڕەکەی (بەو) مردووە."
پارێزەرانی بایدن بەرگرییان لە سەرۆکی ئەمریکا کرد و رایانگەیاند، بیروهۆشی بایدن ئاساییە و ئەوەش شتێکی نائاسایی نییە کە کەسێک رووداوێک بە تەواوەتی بیر نەمێنێت، کە چەندین ساڵ لەمەوبەر روویانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ