لە تایلاند هەوڵی رزگارکردنی پڵنگێک دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە تایلاند، پاسەوانانی ژینگە هەوڵدەدەن پڵنگێک رزگار بکەن، کە یەکێک لە قاچەکانی لەدەستداوە.
 
پڵنگەکە لەسەر سنووری نێوان تایلاند و میانمار لە کامێراکانی چاودێری بینراوە و دەردەکەوێت قاچێکی لەدەستداوە. گوماندەکرێت پێشتر کەوتبێتە تەڵەی راوچییەکانەوە. 
 
ژینگەپارێزە تایلاندییەکان لەوە دەترسن پڵنگە مێیەکە بەهۆی لەدەستدانی قاچەکەی نەتوانێت راوبکات و بەو هۆیەوە لە برسان بمرێت، یان بە لاوازی بکەوێتە دەستی راوچییەکان. 
 
ژمارەیەک ژینگەپارێز تیمێکیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی پڵنگەکە بێهۆش بکەن و بیگوازنەوە بۆ پەناگەیەکی حکومی، تاوەکو لەوێ خواردن و چارەسەری پێویستی پێبدرێت. 
 
پێچارات سانگاچی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی فریلاند تایلاند دەڵێت: "ئێمە دەتوانین پڵنگەکە بدۆزینەوە. ئێمە کەلەشی گامێش یان مانگایێک بەکاردێنین و چاوەڕوان دەبین تاوەکو دێت گۆشتەکە بخوات، لەو کاتەدا دەتوانین بێهۆشی بکەین."
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆچی پڵنگەکە قاچێکی لەدەستداوە، بەڵام ژینگەپارێزەکان گومان دەکەن کەوتبێتە تەڵەی راوچییەکانەوە، کە لەو ناوچەیە زۆر دەگەڕێن.
 
لە سەرەتای مانگی رابردوو، پاسەوانانی ژینگە پێنج راوچییان لە نێو دارستانەکانی سنووری نێوان تایلاند و میانمار دەستگیرکردن کە کەلەشی دوو پڵنگیان پێ بوو. 
 
دوو هەفتە دوای ئەوە، لە هەمان شوێن، پیاوێک راگەیاند سێ پڵنگ هێرشیان کردووەتە سەری و دوو لە سەگەکانی کوشتوون. پیاوەکە رۆیشتبووە سەر دارێکی بامبوو و بەو جۆرە خۆی رزگارکردبوو. 
 
پڵنگی هیندۆچینی لە مەترسی قڕبووندایە. زۆرترین ژمارەیان لە تایلاندن کە ساڵی رابردوو بە گوێرەی بەرپرسانی ژینگەی ئەو وڵاتە، ژمارەیان 177 دانە بوو.