رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ پیشە کۆنەکەی خۆی و وەکو بێژەری رادیۆ دەست بە کار دەکاتەوە.
لە سەرەتای ساڵانی 2000، مایک پێنس وەکو بێژەر لە کەناڵێکی ناوخۆیی ئەمریکا کاری کردووە، لە بەرنامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر بەهاکانی پارتی کۆماری و پرەنسیپە کۆنسەرڤاتیڤیەکانی ئەمریکا.
مایک پێنس کە چوار ساڵ وەکو جێگری دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپیدا بووە، پلانەکانی تایبەت بە پیشە نوێیەکەی خۆی ئاشکراکرد و رایگەیاند، "بەنیازم ببمەوە بێژەری رادیۆ و تێیدا بەرنامەیەکی تایبەت بە گەنجان پێشکێش بکەم".
پێنس راشیگەیاند، بەرنامە رادیۆییەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی لاوانی ئەمریکا دەبێت و ئامانج لێی راکێشانی سەرنجی گەنجانی ئەمریکایە بۆ ئەو مژارانەی کە کۆمارییەکان و کۆنسەرڤاتیڤەکانی ئەمریکا دەیانخەنەڕوو.
رێکخراوی لاوانی ئەمریکا یەکێکە لە رێکخراوە کۆنسەرڤاتیڤە دیار و بەهێزەکانی ئەو وڵاتە کە پاڵپشتی لە فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ دەکات و لە دەیەی شەستەکانی سەدەی رابردوودا دامەزراوە.
بەرنامە رادیۆییەکەی مایک پێنس، یەکێکە لەو چەند پرۆژەی کە پلانی داناوە لەگەڵ رێکخراوی لاوانی ئەمریکا ئەنجامیان بدات وەکو پێشکێشکردنی کۆڕبەندەکان لەنێو زانکۆکانی ئەمریکا بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی هزر و بیروبۆچوونی ئازادی رادەربڕین و لەو چوارچێوەیەشدا، بڕیارە پێنس بابەتی تایبەت بە بەهاکانی کۆنسەرڤاتیڤەکان بنووسێتەوە و رێکخراوەکە هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەیان.
شیکارانی سیاسی پێشبینی دەکەن ئەم هەنگاوەی پێنس لە چوارچێوەی ویستی ئەو دێت بۆ مانەوە لەژێر رووناکیی میدیا تاوەکو رێگە بۆ خۆی خۆش بکات و لە ساڵی 2024دا، ببێتە بەربژێری پارتی کۆماری بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ