ئەنتۆنی بلینکن: هەتا بەشار ئەسەد لە دەسەڵات مابێت، ئاسایشی ئیسرائیل لە مەترسیدایە


رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلان بە خاکی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "تاوەکو بەشار ئەسەد لە دەسەڵات مابێت و ئێران لە سووریا مابێت، ئاسایشی ئیسرائیل لە مەترسیدایە".
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دایەوە کە یەکێکیان لەبارەی بەرزاییەکانی جۆلان، بلینکن وەڵامی ئەوەی نەدایەوە ئاخۆ بەرزاییەکانی جۆلان خاکی ئیسرائیلن یاخود نا کە ترەمپ بە فەرمی بە خاکی ئیسرائیلی ناساندووە، ئەو گوتی: لایەنە شەرعییەکەی لە لایەکەوە، بەڵام جۆلان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل زۆر گرنگە.
 
لە ئاداری 2019 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بڕیاری داننانی ئەمریکای بە سەروەریی ئیسرائیل لەسەر بەرزاییەکانی جۆلان بە فەرمیی واژۆکرد. دۆناڵد ترەمپ لەڕێگەی توویتەرەوە رایگەیاندبوو، دوای 52 ساڵ کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا بە تەواوی دان بەو ناوچانەدا بنێت وەک بەشێک لە خاکی ئیسرائیل.
 
دواتر لە رێورەسمێکدا لە کۆشکی سپی و بە ئامادەبوونی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ بڕیارەکەی واژۆکرد و دواتریش ئەو پێنووسەی کە بڕیارەکەی پێ واژۆکردبوو، وەک دیاریی بەخشییە نەتەنیاهۆ.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: بەهۆی مەترسی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات بەرزاییەکانی جۆلان گرنگییەکی راستەقینەی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل هەیە. 
 
لە ساڵی 1967ـەوە لە دوای شەڕی شەش رۆژە بەشی رۆژئاوای بەرزاییەکانی جۆلان کە دوو لەسەر سێی هەموو ناوچەکە پێکدەهێنێت، لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە و بەڕێوەدەبرێت. بەڵام بەشی سێیەمی، کە رۆژهەڵاتەکەیەتی، هەر لەژێر دەسەڵاتی سووریادایە.
 
هەروەها بلینکن ئاماژەی بەوەش کرد: ئەگەر دۆخی سووریا گۆڕانکاری بەسەردابێت ئەو کات هەڵوێستی خۆیان لەسەر بەرزاییەکانی جۆلان دەردەبڕن، بەڵام گوتی هێشتا ئەو گۆڕانکارییە دیارنییە بەزوویی رووبدات.