هاوڕێیەکی نزیکی عەللاوی بۆ رووداو: بڕیارەکانی کوردستان و پردی پەیوەندی لەگەڵ هەولێر زۆر گرنگن
رووداو - لەندەن
محەممەد عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەشێک لە ژیانی لە لەندەن بەڕێکردووە، لە ساڵی 1989 لەدەست حکومەتی بەعس هەڵات و پەنای بۆ بەریتانیا هێنا و وڵاتینامەی وەرگرت، هاوڕێیەکی نزیکی عەللاوی دەڵێ، ئەگەر دەرفەتی بدرێتێ دەرەقەتی زۆر لەو کێشانە دێت کە عێراق پێوەی دەناڵێنێت.
عەلا خەتیب، هاوڕێی نزیکی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەڵێ "بێگومان خەسڵەتەکانی بەڕێز عەللاوی زۆر لەسەرخۆیە، بەخێرای بڕیار نادات و هەڵناچێت، پێویستە پاڵپشتی بکرێت بۆئەوەی بتوانێت دیدگای خۆی بسەپێنێ بەسەر کوتلە سیاسییەکاندا، بڕیارەکانی کوردستانیش گرنگن و پردی پەیوەندی لەگەڵ هەولێر زۆر گرنگە، لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی بێ کێشە و هاوسەنگ هەبێ، بەڕێز عەللاوی بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە دەبێت پەیوەندییەکی بێ کێشە هەبێت".
حەیدەر یاسری، خاوەن چێشتخانەیە لە بەریتانیا، ماوەی بیست ساڵ هاوڕێی نزیکی محەممەد عەللاوی بووە، زۆر لە ژەمەکانی لە چێشتخانەکەی ئەو خواردووە و دەڵێ "عەللاوی زۆر حەزی لە کەباب و قۆزی بووە".
حەیدەر لەبارەی محەممەد عەللاوییەوە ئاماژەی بەوە کرد کە کەسایەتییەکی بەناوبانگی رەوەندی عێراقییە لە لەندەن و دەشڵێ "کەسێکی دەستپاکە و دەتوانێ ئەزموونی سیاسیی خۆی بەهۆی ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەی هەیەتی بگوێزێتەوە کە هاوکار و ئاسانکار دەبێ بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ئێستای عێراق تێیدا گوزەردەکات".
بەگشتی عێراقییەکانی بەریتانیا گەشبینن بە دەستبەکاربوونی عەللاوی، بەڵام دەشزانن دۆخی شڵەژاو و بێسەروبەری سیاسی زۆرجار لە توانا و لێهاتوویی کەسەکان بەهێزترە؛ هاونیشتمانییەک بەناوی دیار عیسا دەڵێ "پێموانییە نە محەممەد عەللاوی و نە کەسێکی دیکە لە عێراقدا بتوانێت بە تەنها گۆڕانکاری دروستبکات، چونکە عێراق وڵاتێکی ئاڵۆزە".
حوسێن رەفیعی، هاووڵاتیی عێراقی دەڵێ "پێموایە بەڕێز تۆفیق عەللاوی ئێستا ناتوانێت سیاسەتی بەریتانیا پەیڕەو بکات، چونکە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان کۆمەڵگەی عێراقی و بەریتانی".
هاووڵاتییەکی دیکەی عێراقی بەناوی ئەحمەد جەواد گەشبینە و دەڵێ "پشتیوان بە خودا دکتۆر عەللاوی گۆڕانکاری لە وڵاتدا دەکات، ئێستا دەرفەتێکی گونجاوە، چونکە هەموو وڵاتانی جیهان پشتیوانیی عێراق دەکەن".
محەممەد تۆفیق عەللاوی لە باکوری لەندەن دەژیا، بەڵام بەردەوام لەنێوان بەیروت و لەندەن هاتووچۆی کردووە. بەهۆی پسپۆڕییەکەی لە بواری ئەندازیاری، وەک بازرگانێکی سەرقاڵ ژیانی لە لەندەن بەسەردەبرد. خاوەنی چوار منداڵە و سیاسییەکی نەرم بووە.