دەستگیركردنە سەمەرەكانی كۆچبەران لە رێی ئەوروپا

رووداو- بولگاریا 

ئەو كۆچبەرانەی رێی ئەوروپا دەگرنەبەر، بەشێوەیەكی گشتی لە سنوورەكان و لەنێو خانوو و هۆتێل دەستگیر دەكرێن كە هەندێكجار ژمارەیان لە سەرووی 20 كۆچبەر دەبێ، تێكڕا دەبرێن بۆ زیندان و پەنجەمۆریان پێدەكرێ، بەڵام بەشێك لە كۆچبەران جیاواز لە دەستگیركردنە باوەكە دەكەونە دەست پۆلیس و ئازاری رێگەی ئەوروپا دەچێژن.


تاسەیەك ئاشكرای كرد


نێچیرڤان عومەر، كۆچبەرێكی كوردی شارۆچكەی ئامێدییە، لەسەر سنووری توركیا و بولگاریا دەستگیركراوە. لەكاتی دادگاییكردنیدا پێیگوتراوە ئەگەر جارێكی دیكە لە سنوور دەستگیر بكرێی شەش مانگی دیكە بەند دەكرێی. بۆیە لەدوای ئازادبوونی لە زیندان، هەوڵدەدات لەگەڵ باشترین قاچاخچیی نێوان بولگاریا و رۆمانیا رێبكەوێ‌.

نێچیرڤان بە (رووداو)ی گوت: "لەدوای هەوڵ و گەڕانێكی زۆر، لەگەڵ قاچاخچییەكی ناوچەی خۆمان رێكەوتم، پێمگوت ئەگەر ئەمجارە لە سنوور دەستگیر بكرێم، شەش مانگ لە زیندان دەمێنمەوە. لەبەرئەوە دەبێ گەرەنتی گەیشتنم پێ بدەیت. قاچاخچییەكەش گەرەنتی پێدام و گوتی دڵنیابە بە سەلامەتی دەگەیتە بوخارێست".

ئەو قسانەی قاچاخچییەكە دڵی نێچیرڤانی خۆش كرد، بۆیە بڕیاری دا لەگەڵی رێبكەوێ‌. نێچیرڤان گوتی "رۆژی بەڕێكەوتنم دیاری كرا، ئێمەیان بردە نێو خانوویەكی دەوروبەری سۆفیا، لەوێ ئۆتۆمبێلێكی بەرز ئامادەكرابوو، ئەو ئۆتۆمبێلە بەشێوەیەكی یاسایی باری دەگواستەوە بۆ رۆمانیا، لەژێرەوەی ئۆتۆمبێلەكە جێگای تایبەت دروستكرابوو، بەدرێژ بوونەوە جێگای سێ كەسی تێدا دەبووەوە، من و دوو كۆچبەری دیكەیان لەوێ درێژ كرد و ئۆتۆمبێلەكە دەستی بە رۆیشتن كرد، ئێمەش باوەڕمان وابوو بەهیچ شێوەیەك دەستگیر ناكرێین، نزیكەی سێ كاژێر لەژێرەوەی ئەو ئۆتۆمبێلەدا بووین، هەناسەمان بە ئەستەم بۆ دەدرا، دەرچەی هەواگۆڕكێی كەم بوو، هەم قەلەق و نا ئاسوودە بووم، هەم دڵخۆش بووم، لە جێگایەكی سەلامەتم و دەگەمە رۆمانیا".

بەڵام چانس تاسەر یاوەری نێچیرڤان نەبوو. ئەو دەڵێت: "خەریك بوو لە لۆم Lom دەرچین، كە دوا ئاوەدانییە لەسەر سنووری بولگاریا، لەگەڵ دەرچوونمان لە بازگەكە شۆفێرەكە زۆر بە توندی لە تاسەیەكی دا، ئەو شوێنەی لە ژێرەوەی ئۆتۆمبێلەكە دروست كرابوو لە ئۆتۆمبێلەكە بووەوە و بە زەوی كەوت، ئازارێكی زۆرمان پێگەیشت و دەستبەجێ پۆلیس دەستگیری كردین. بەمشێوەیە چانسی دەربازبوونم لە بولگاریا لەدەستچوو".

پۆلیسی بولگاری، زۆر بە وردی چاودێریی سنووری توركیا- بولگاریا، بولگاریا- سربیا و بولگاریا - رۆمانیا دەكەن، هەمیشە لە بۆسەدان بۆ دەستگیركردنی كۆچبەران، زۆرینەی كۆچبەرانیش لەو سنوورانە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر دەكرێن.

بە زەردەخەنەوە قۆڵبەستیان كردن

حاتەم شێرزاد، كۆچبەرێكی كوردی ئێزدی ناوچەی شێخانە و لەگەڵ دوو هاوڕێی لە كوردستانەوە رێگەی ئەوروپایان گرتووەتەبەر، لە رێی هاوڕێ و ناسیاوەكانی زانیویەتی كە رێگەی نێوان توركیا و بولگاریا زۆر سەختە، زۆرینەی كۆچبەران لە سنوور دەستگیر دەكرێن، لەبەرئەوە پێویستە بە رێگایەكی دیكە خۆیان بگەیەننە بولگاریا. حاتەم، پەیوەندی بە زۆر قاچاخچییەوە دەكا، دواجار لەگەڵ قاچاخچییەك رێكدەكەوێ. ئەو قاچاخچییە لەگەڵ شۆفێری پاسێكی بچووك رێككەوتووە كە بەشێوەیەكی یاسایی دەچێتە خاكی بولگاریاوە، لەم ڕێگەیەوە دەیەوێ كۆچبەران بگەیەنێتە سۆفیا، پێشتر چەندین كۆچبەری گەیاندووەتە شوێنی دیاریكراو.

حاتەم بە (رووداو)ی گوت: "من و دوو هاوڕێكەمیان بردە لای ئۆتۆمبێلەكە. سەیرمان كرد لە پشتەوەی ئۆتۆمبێلە بچووكەكە شوێنی زۆر بچووكیان دروست كردووە، جێگای یەك كەسی تێدا نەدەبووەوە، كەچی ئێمەیان بە پاڵ خستە ناوی و سەریان پڕكردین لە كەلوپەل، لەو شوێنە بچووكەدا هەموو گیانمان سڕ ببوو، ئازاری زۆرمان پێگەیشت، لە تاو ئازار دەگریاین، شوێنێكی گەرم و كەم هەوا، خەریكە رۆح دەدەین، توانای جوڵەكردنمان نییە، لەدوای دوو كاژێر لە سنووری توركیا پۆلیس زۆر بەوردی ئۆتۆمبێلەكەی پشكنی، هەموو كەلوپەلەكانی نێو ئۆتۆمبێلەكەیان دەرهێنا و دەرگای ئەو شوێنە بچووكەیان كردەوە كە ئێمەی تێدا بووین، سەیریان كردین و بە زەردەخەنەوە ئێمەیان لەو شوێنە تەنگە دەرهێنا و  بە قوڵبەستكراوی ئێمەیان هێنایە لۆبۆمێز".

پێچانەوەش دادی نەدان


ئاكۆ پشدەری، خەڵكی گوندێكی دەڤەری‌ مەرگەیە، لەگەڵ هاوڕێیەكی پێشمەرگەی بە خەیاڵی گەیشتنە بەریتانیا كوردستان جێدێڵن، هاوشێوەی حاتەم دەیەوێ لەگەڵ قاچاخچییەكی باش رێكبكەوێ، دەخوازێ بە سەلامەتی بگاتە نێو خاكی بولگاریا، قاچاخییەكەی دڵنیای دەكاتەوە كە بە سەلامەتی دەیانگەیەنێتە سۆفیا.
ئاكۆ بە (رووداو)ی گوت "من و هاوڕێكەمیان خستە نێو ئۆتۆمبێلێكی گەورەی بارهەڵگر كە مۆلیدەی گەورەی تێدابوو، لە كەلێن و پەنا و پەسیوەكانی نێو مۆلیدەكان دایانناین و چادری شینیان بەسەر مۆلیدەكان و ئێمەدا دا، پاشان مۆلیدەكانیان بە گورسی گەورە و پان بەستەوە، ئینجا مۆلیدەی دیكەیان خستە پاڵ ئەو  مۆلیدەیەی ئێمە لەنێویدا بووین، لە نێو خاكی توركیاوە تا سنووری بولگاریا بەهۆی كەمیی هەواوە كێشەمان بۆ دروست بوو، بە ناچاری بە چەقۆ كەمێكی چادرەكەمان دڕاند".

لە سنووری بولگاریا لەلایەن پۆلیسی بولگارییەوە زۆر بە وردی بارهەڵگرەكەیان پشكنی، وەك بڵێی دڵنیا بن كە كۆچبەری تێدایە، یا هەواڵیان بە پۆلیس داوە، چادری تەواوی مۆلیدەكانیان لێكردەوە و بە لایت دەگەڕان. ئاكۆ دەڵێت: "ئێمە لە دوایین موەلیدە حەشاردرابووین، پۆلیسەكان ئەویشیان هەڵدایەوە، ئێمە خۆمان بچووك بچووك كردبووەوە، لایتیان لەنێو چاومان دا و هەردووكمانیان دەستگیر كرد و بەرەو بنكەی پۆلیس براین، دواتر ئێمەیان هێنایە لۆبۆمێز".