نێردەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سووریا: تەنیا لە چوارچێوەی سووریا دا داهاتوویەکی ئاشتییانە بۆ کورد دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

نێردەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، بە تەلەفۆن لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هەسەدە گفتوگۆی لەسەر داهاتووی کورد لە سووریا کردووە. دەشڵێت، ئامادەن بەشێک لە سزاکانیان لەسەر ئەو وڵاتە هەڵبگرن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، ستیفان شنیک، نێردەی تایبەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سووریا، سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان کورد و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بە میدیای نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکراتی راگەیاند، "گفتوگۆکان زۆر گرنگن و ئەڵمانیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن. ئەگەر ئەم گرژییانە چارەسەر نەکرێن، سووریا ئارام نابێت." 
 
سەبارەت بە هاونیشتمانییانی رۆژئاواش شنیک گوتی، "قسەم لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم [فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە] کردووە. پێموایە تێگەیشتنێک هەیە کە تەنیا لە چوارچێوەی سووریادا داهاتوویەکی ئاشتییانە بۆ کوردەکان دەبێت بە هەبوونی هەموو ئەو مافانەوە کە دەسەڵاتی ئێستا [دەسەڵاتی نوێی دیمەشق] دانی پێداناون." 
 
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی پار، گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شام حکومەتی ئەسەدیان رووخاند. دواتر، حکومەتێکی کاتی تاوەکو ئاداری داهاتوو پێکهێندرا. یەکێک لە پلانەکانی ئەو حکومەتە ئەوەیە کە هێزە چەکدارەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری و سوپای سووریادا یەکبخرێن. 
 
شنیک دەڵێت، "زۆر گرنگە لە ئەجێندای نیشتمانیدا هەبێت کە هێزەکان (گرووپە چەکدارەکان) یەکبخرێن لە سوپایەکی نیشتمانیدا. پێموایە گفتوگۆکان لەو بارەیەوە لەسەر رێگایەکی باشن."
 
گرژییەکانی سووریا لە ساڵی 2011ـوە دەستیان پێکرد و دواتر بوونە هۆی دروستبوونی شەڕی نێوخۆ. ژمارەیەک وڵاتیش، لەوانە ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، ژمارەیەک سزایان بەسەر سەرکردەکانی پێشووی ئەو وڵاتەدا سەپاند. 
 
لەبارەی سزاکانەوە شنیک ئاماژەی بەوە کرد، "ئەڵمانیا دەیەوێت بەشێک لە سزاکان هەڵگرێت، ئەو سزایانە نا کە لەسەر بەشار ئەسەد (سەرۆکی پێشووی سووریا) و هاوڕێکانین، بەڵکو ئەو سزایانە کە پەیوەندییان بە کەرتەکانی کارەبا، فڕۆکەوانی و وزەوە هەیە بۆ ئەوەی هاوکاربین لە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەدا."
 
دوێنێ، ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "ژمارەیەک سزا هەن بەسەر رژێمی ئەسەد و جەلادەکانی رژێمەکەدا سەپێندراون. هیچ نیازێک بۆ لابردنی ئەو سزایانە نییە." 
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارەیەک سزاش هەن کە گەیاندنی هاوکاری مرۆییان بە سووریا قورس کردووە و رێگریش لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە دەکەن، ئەم سزایانە دەکرێت خێرا لاببرێن." ئەمە بەبێ ئاماژەکردن بە شێواز و کاتەکەی. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، 7.2 ملیۆن کەس لە سووریا ئاوارە بوون. بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 90٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە 23 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی، 15 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکاری پزیشکییە. ئەمە زۆرترینە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011ـەوە شەڕی نێوخۆ لەو وڵاتە دەستیپێکرد. جگە لەوەی 56 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییە بەپەلەکان بۆ ئەو وڵاتە.