کۆپەرنیکوس: گەرمترین ساڵ، مانگ و رۆژی نێو مێژووی تۆمارکراو لە 2023دا بوو
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی کەشوهەوای ئەوروپا - کۆپەرنیکوس بە فەرمی 2023ـی بە گەرمترین ساڵی نێو مێژووی تۆمارکراو راگەیاند. هەروەها، گەرمترین مانگ و رۆژیشی لەنێو هەمان ساڵ دیاریکرد.
گەرمترین مانگ مانگی تەمموز و گەرمترین رۆژیش بە ئەگەری زۆر رۆژی 3ـی هەمان مانگی 2023 بووە.
بەپێی لێکدانەوەی ئەو ئاژانسە بێت، کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، لە 173 ساڵی رابردوودا (1850 - 2023) هیچ ساڵێک نەبووە هێندەی 2023 تینی گەرما بەهێز بووبێت.
بۆ یەکەمجار لە ساڵانی 1850 بۆ 1900 بوو ئامێری پێوانەکردنی گەرما لە شوێنی جیاجیای جیهان دانران، هەربۆیە بەراوردەکە تاوەکو ئەو ساڵانەیە.
زانایانی بواری گۆڕانی ئاووهەوا کۆکن لەسەر ئەوەی لە ساڵانی 1850 بۆ 1900 تێکڕای گەرمی سەر زەوی 13.5 پلەی سیلیزی بووە؛ ئەوەیان ناوناوە پلەی گەرمای بەر لە سەردەمی پیشەسازیی.
لە ساڵی 2015 لە پاریسی فەرەنسا بە نزیکەیی هەموو وڵاتانی دنیا کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕیان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا کرد، لە کۆتاییدا رێککەوتن کە نەهێڵن تێکڕای گەرما زیاتر لە دوو پلە بچێتە سەروو سەردەمی بەر لە پیشەسازیی، واتە پلەی گەرما نەگاتە 15.5 پلەی سیلیزی.
ئەو وڵاتانە لەوە زیاتریش متمانەیان بەخۆیان بوو، گوتیان کە ناهێڵن تێکڕای گەرما بگاتە 15 پلەی سیلیزی، بەڵام ساڵی 2023 سڵاوێکی لەو پلەیە کرد و تاوەکو 14.98 هات.
بەر لە 2023، ساڵی 2016 بە گەرمترینی نێو مێژوو دیاریکرابوو کە تێکڕای گەرما تاوەکو 14.81 پلەی سیلیزی بەرزبووەوە.
سامانسە بێرگس، جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی کۆپەرنیکوس دەڵێت، "پێویستە ئامانجی 1.5 بهێڵینەوە [واتە تێکڕای گەرما نەگاتە 15 پلەی سیلیزی] چونکە ژیانکردن دەکەوێتە مەترسییەوە". دەشڵێت، "رەنگە کاریگەرییەکانی من و تۆ نەگرێتەوە، بەڵام منداڵەکانمان و نەوەکانیان دەگرێتەوە".
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زۆرن، بەڵام سەرەکیترینیان هەبوونی پاشماوەی گازەکانە لە بەرگەهەوای زەویدا کە تینی رۆشنایی شپرزە دەکەن و وادەکەن گەرمتر بکەوێتە سەر زەوی.
پاشماوەی گازەکان بەهۆی سووتاندنی خەڵووز، نەوت و گازی سرووشتییەوە لە بەرگەهەوای زەویدا کۆدەبنەوە.
لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی، رۆژی 13-12-2023، نزیکەی 200 وڵات رێککەوتن لەسەر خۆبەدوورگرتن لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین کە نەوت و گاز و خەڵووز دەگرێتەوە، بەڵام دیار نییە ئایا بەرژەوەندییەکانیان رێگەیان پێدەدات بەزووی بیخەنە بواری جێبەجێکردن و زەوی لە گەرمبوونی زیاتر بپارێزن؟ ئەم پرسە تەنیا کات وەڵامیدەداتەوە.