رووداو دیجیتاڵ
پێنتاگۆن ئاشکرایکرد، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کە ماوەی هەفتەیەکە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و نەشتەرگەری بۆ کراوە تاوەکو چارەسەری نەخۆشییەکەی بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 09ی کانوونی دووەمی 2024، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لەبارەی نەخۆشییەکەی وەزیری بەرگرییەوە، راپۆرتی پزیشکەکانی پشتڕاست کردەوە بەوەی ئۆستن شێرپەنجەی پرۆستاتی هەیە و لە نەخۆشخانە چارەسەری وەرگرتووە.
ئەو پشتڕاستکردنەوەی پێنتاگۆن، لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی پزیشکانی لۆید ئۆست دێت کە ئاشکرایان کردووە، شێرپەنجەکەی وەزیری بەرگری دۆزراوەتەوە، لە قۆناخی سەرەتاییدا بووە، نەشتەرگەری بۆ کراوە و گرێکە لە جەستەی دەرهێندراوە و ئێستاش "لە دۆخێکی زۆرباشدایە"
ئۆستنی تەمەن 70 ساڵ، هەفتەیەکە لە نەخۆشخانەیە و لەژێر چاودێریی پزیشکدایە، بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاگادار نەکرابوونەوە وەزیری بەرگری سێ رۆژ بووە سەردانی نەخۆشخانەی کردووە و چارەسەری وەرگرتووە، رەخنەی لێگیرا.
دواتر لە راگەیێندراوێکدا، وەزیری بەرگری داوای لێبووردنی لە ئیدارەی بایدن کرد بەوەی لەکاتی خۆیدا لە دۆخی تەندروستیی خۆی ئاگاداری نەکردوونەتەوە.
لۆید ئوستن هێشتا لە نەخۆشخانەیە و لەژێر چاودێریی پزیشکدایە. پات رایدەر گوتیشی "وەزیر ئۆستن بەردەوامە لەوەی باردۆخی باشتر بێت و لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسان و ستافی وەزارەت و بەردەوامیشە لە چاودێریکردنی ئەرکی رۆژانەی وەزارەت و ئەرکەکانی وەزارەتەکە لە سەرانسەری جیهان."
بەیانی رۆژی سێشەممە، پزیشکانی تایبەتی وەزیر رایانگەیاند، لە سەرەتای مانگی رابردوو، لەکاتی پشکنینی ئاسایی خۆیدا، دەرکەوتووە لۆید ئۆستن شێرپەنجەی پرۆستاتی هەیە و دواتر لە 22ی مانگی رابردوودا، نەشتەرگەرییەکی بچووکی بۆ کراوە بۆ دەرهێنانی گرێی شێرپەنجەکە.
بەڵام لە 1ـی ئەم مانگەدا و یەکەم رۆژی ساڵی نوێ، جارێکی دیکە وەزیری بەرگری رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێتەوە، لەدوای ئەوەی هەست بە ئازاری زۆر دەکات و بۆ ماوەیەکیش دەخرێتە بەشی چاودێریی چڕ بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر.
هەروەها کاتلین هیکس، کە جێگری وەزیری بەرگرییە، سەرەڕای ئەوەی ئاگادارکراوەتەوە لە هەندێ لە ئەرکەکانی وەزیر لەماوەی هەفتەی رابردوودا بەڕێوەببات،بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی دۆخی ئۆستن پێنەدرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ