بایدن: لەگەڵ ئیسرائیل لە هەوڵدام بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانیان و دەرچوونیان لە غەززە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لەگەڵ ئیسرائیل لە هەوڵدایە تاوەکو ژمارەی سەربازانی لەنێو کەرتی غەززە کەمبکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی چالاکڤانانی دژی جەنگ لەکاتی گوتارەکەیدا، قسەکانیان پێ بڕی و داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ و راگەیاندنی ئاگربەستیان کرد.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2024، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە شاری چارڵستنی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، سەربارەت بە هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ راگرتنی جەنگی سێ مانگەی غەززە رایگەیاند، "من بەبێ دەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل کار دەکەم، تاوەکو ژمارەیان کەمبکرێتەوە و لە غەززە بچنە دەرەوە".
کاتێک خەڵکەکە دەستیان بە دروشم گوتنەوە کرد و هاواریان کرد: "ئێستا ئاگربەست رابگەیێنە"، بایدن لە وەڵامدا گوتی: "لە داواکەتان تێدەگەم".
بایدن کە بە درێژایی جەنگی غەززە پاڵپشتیکارێکی گەورەی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بووە بۆ سەر کەرتی غەززە، ژمارەیەکی زۆری ئەمریکییەکانی تووڕە کردووە و لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە چەندین خۆپێشاندان لە دژی هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا بەڕێوەچووە و داوایان کردووە ئیدارەی بایدن گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە جەنگ.
بایدن چەند جارێک داوای لە ئیسرائیل کردووە دەست لە خەڵکی سڤیل لەنێو کەرتی غەززە بپارێزێت، ئەمەش لەکاتێکدا لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 22 هەزار و 600 فەلەستینی کوژراون کە 70٪یان ئافرەت و منداڵ بوون.
ئەم لێدوانە نوێیەی بایدن لەبارەی جەنگی غەززەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "تا ئەوکاتەی حەماس لەنێونەچێت و سەرجەم بارمتەکان ئازاد نەکرێت و چیدیکە غەززە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل دروست نەکات، شەڕ بەردەوام دەبێت."