کوردانی رۆژهەڵات و ئێرانییەکانی فەرەنسا خۆپێشاندان دژی دەسەڵاتی ئێران دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ماوەیەک وەستان، لەسێدارەدانی دوو خۆپێشاندەری دیکە لە ئێران، خۆپێشاندانەکانی دژی دەسەڵاتی ئێران لە دەرەوە چالاککردەوە؛ ئەمجارە لە لیۆنی فەرەنسایە.
 
شوعلە گوڵروخی، دانیشتووی فەرەنسا دەڵێت، "لێرەم بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران و پشتگیری لە خواستی گەلانی ئێران بۆ ئازادی. رژێمی ئێران خەڵکی بێتاوان دەکوژێت و دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت."
 
بەرەبەیانی رۆژی 7ی ئەم مانگە، محەممەد مەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی لە تاران لەسێدارەدران و ئێران ژمارەی لەسێدارەدراوانی خۆپێشاندانەکانی گەیاندە چوار کەس، کە سیانیان کوردن.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە تویتەر نووسیویەتی، دەسەڵاتی ئێران "لەژێر ئەشکەنجەدا" وا لە دەستگیرکراوان دەکات "دان بەو تۆمەتەدا بنێن کە ئەنجامدەری نین." هۆشداریشی دا لە ئەگەری لەسێدارەدانی دوو محەممەد ناوی دیکە.
 
سامانە، دانیشتووی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات، "لەم خۆپیشاندانەدا چەندین محەممەدمان کوژران و لەسێدارە دران. تەمەنی محەممەد تەنیا 22 ساڵ بوو و لەدوای 11 مانگ لە مانگرتن، رژێمی ئێران لەسێدارەی دا."
 
ئەشکان، لە خۆپێشاندانەکانی فەرەنسا بەشدارە و دەڵێت، "دەبێت باڵیۆزخانەی مەلاکان دابخەین. ئێمە داوای پچڕاندنی هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی فەرەنسا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین."
 
لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران، هەڵوێستی بەشێك لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای بەدوای خۆیدا هێناوە. دانیمارک، بەلجیکا و هۆڵەندا بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانیان لە وڵاتەکانیان کردووە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
 
بڕیارە لە 23ی ئەم مانگەش یەکێتیی ئەوروپا چوارەمین پاکێج لە سزاکانی بۆ سەر ئێران رابگەیێنێت.