دوو ئێرانی بە گومانی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی "کیمیایی" لە ئەڵمانیا دەستگیر دەکرێن

09-01-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی ئەمنی لە پۆلیس و لێکۆڵەرانی "مادە کیمیاییە کوشندەکان" لە شارۆچکەی کاسترۆپ راوکسێل لە باکووری رۆژئاوای ئەڵمانیا، بەهۆی گومانی ئەوەی دوو ئێرانی هەوڵدەدەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی "کیمیایی" چوونە شوێنەکە و ئەو دوو ئێرانییەیان دەستگیر کرد.
 
نە ناو و نە نەتەوەی هاووڵاتییە بە رەچەڵەک ئێرانییەکان ئاشکرا نەکراون، کە بران، بەڵام گومان دەکرێت ئامادەکارییان کردبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێك بە پێکهاتەی ژەهراوی لە هەردوو "مادەی سیانید و ریسین."
 
هۆلگەر هیمینگ، داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاند، "لایەنێكی ئەمنی زانیاریی پێداین سەبارەت بە گومانلێکراوێكی تەمەن 32 ساڵ کە هاووڵاتییەکی ئێرانییە و ئامادەکاریی دەکرد بۆ ئەنجامدانی هێرشێك بە پێکهاتەی کیمیایی مەترسیدار لەنێو وڵات. لێکۆڵینەوە کرا و یەکە نیشتەجێبوونەکەشی پشکنرا، بەڵام هیچ شتێك نەدۆزرایەوە، هەرچەندە ئەو لایەنە ئەمنییەی کە ئێمەی ئاگادار کردەوە جەختی لە زانیارییەکانی دەکاتەوە."
 
میدیای ئەڵمانی دەڵێت، ئەو لایەنە ئەمنییە FBIی ئەمریکا بووە و زانیارییەکانیش لەسەر بنەمای ئەوە بوون کە هاووڵاتییە ئێرانییەکە لە ئێنتەرنێت بەدوای ئەو دوو پێکهاتە کیمیاییەدا گەڕاوە و کڕیونی.
 
بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا، FBI بە ئەڵمانییەکانی گوتووە, هاووڵاتییە ئێرانییەکە هاوسۆزی رێکخراوی داعشە و نیازی هەبووە لە شەوی سەری ساڵدا هێرش بکاتە سەر قەرەباڵخییەک، بەڵام تاوەکو ئەو کاتە کەرەستەکانی هێرشەکەی ئامادە نەبوون.
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، "دەستگیرکراوێكی گومانلێکراوی تەمەن 32 ساڵمان هەیە، هەروەها براکەشی کە لە ماڵەکەیدا بوو دەستگیرکراوە. هەردووکیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
 
لە ساڵی 2018دا پۆلیسی ئەڵمانیا پیاو و ژنێكی لە شاری کۆڵن دەستگیر کرد کە لەنێو ماڵەکەیاندا بە پێکهاتەی ژەهراوی ریسین و پارچە ئاسن و ستیل سەرقاڵی دروستکردنی بۆمب بوون.
 
بە گوتەی پۆلیس، دوو هاوژینەکە لایەنگری داعش بوون و بۆمبەکەش لە رێگەی وانەیەکی داعش لە ئینتەرنێتەوە دروستکرابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە