لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی بەرازیل هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی، کۆنگرێس و دادگەی باڵا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەتان کەس لە لایەنگرانی جەیر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی پێشووی بەرازیل لە برازیلیای پایتەختی وڵاتەکە هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس، دادگەی باڵا و کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیان. خۆپێشاندەران هەموو بەربەستە ئەمنییەکانیان بڕی و تاوەکو نێو باڵەخانەکان نەوەستان، ئاڵۆزی و پشێوی دروستبوو.
 
لایەنگرانی جەیر بۆلسۆنارۆ درووشمی "ئازادی"یان گوتەوە و داوایان لە سوپای وڵاتەکە کرد پاڵپشتییان بکات. میدیای وڵاتەکە دەڵێت، تەنانەت هەندێک پۆلیسیش هاوکاریی خۆپێشاندەرانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل خۆپێشاندەرانی بە "ئاژاوەگێڕ" ناوبرد و گوتی، "ئەمانە هەر شتێکیان لەبەردەم بێت تێکی دەدەن."
 
سەرۆکی بەرازیل گلەیی لە هەوڵی هێزە ئەمنییەکانیش بۆ رێگریکردن لە خۆپێشاندەران هەیە و دەڵێت، "هەموو ئەوانەی ئەم کارەیان کردووە، دەدۆزرێنەوە و سزا دەدرێن."
 
بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 کەسیان لەسەر هێرشی سەر سێ دامەزراوەکە دەستگیر کردووە.
 
لایەنگرانی بۆلسۆنارۆ لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2022 ناڕازین کە تێیدا بەربژێرەکەیان بە لولا دا سیلڤای سەرۆکی ئێستای بەرازیل دۆڕا.
 
ئێستا پەنجەی تۆمەت بۆ جەیر بۆلسۆنارۆ درێژ دەکرێت. بۆلسۆنارۆ دوای شەش کاژێر لە بێدەنگی، لە تویتەر رایگەیاند کە دوور و نزیک پەیوەندیی بەو هێرشانەوە نییە.
 
سەرۆکی پێشووی بەرازیل لە تویتەر ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە رەتدەکەمەوە کە لەلایەن سەرۆکی ئێستای جێبەجێکاری بەرازیل دراونەتە پاڵم."
 
هەڵکوتانە سەر سێ دامەزراوەکە کاردانەوەی راستەوخۆی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە، بەرلە هەمووشیان واشنتن کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە رووداوێکی هاوشێوەدا کۆنگرێسەکەی لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە هێرشی کرایەسەر.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا دوای سەرکۆنەکردن، پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ دامەزراوە دەستوورییەکانی بەرازیل دەربڕی و گوتی، "سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات لە بەرازیل دەکەم."
 
لە 6ی کانوونی دووەمی 2021 سەتان کەس لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا.