مایک پێنس: ئێران بە گرووپە چەکدارییەکانی عێراقی راگەیاندووە هێرش نەکەنە سەر ئەمریکا
رووداو - هەولێر
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، زانیاری هەواڵگرییان دەستکەوتووە ئێران بە گرووپە میلیشیاکانی لە عێراق راگەیاندووە کە هێرش نەکەنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە.
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە دیدارێکیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی سی بی ئێس نیوز رایگەیاند، "ئێمە هیوادارین ئەم جۆرە پەیامەی ئێران بۆ میلیشیاکان بەردەوامبێت".
پێنس لە چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکەدا دەستدەکات بە ستایشکردنی هێزەکانی ئەمریکا و دەڵێت، بەهۆی پرۆفێشناڵییان نە سەربازێکی ئەمریکی برینداربوو نە هاووڵاتیێکی عێراقی.
لە پرسیاری ئەوەی ئەمریکا چیدەکات ئەگەر ئێران لە شەڕی بەوەکالەت و کردەوەکانی بەردەوامبێت، پێنس دەڵێت، ئێران زیاتر لە 20 ساڵە سپۆنسەری تیرۆر دەکات، بەڵام ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران بەو شێوەیەی ترەمپ لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ئیدارەکەیەوە ئەنجامیداوە.
لەبارەی ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە داهاتوو، پێنس ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بەدوای گۆڕینی رژێمی ئێرانەوە نییە، بەڵکو دەیەوێت رژێمەکە هەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت.
دوێنێ چوارشەممە لەدوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران پێنتاگۆن رایگەیاند، ئێران بە مەبەست هێزی ئەمریکیی نەکردووەتە ئامانج، لەوبارەیەوە پێنس گوتی، زانیاری هەواڵگرییان بەدەستگەیشت و هەڕەشەکانی ئێرانیشیان بینی، هێزەکانیان گواستنەوە و ئاستی بەرگری و پاراستنی هێزەکانیشیان زیادکرد".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە دوای کوشتنی سولەیمانی ئەمریکا ئاسایشێکی زیاتری هەیە، چونکە سولەیمانی بەرپرسی گرووپێکی "تیرۆریستی" بوو.