رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و بەشێک لە دانیشتووانی شاری دێربەلح و ئاوارەکان چاوەڕێی کردنەوەی ناوەندی دابەشکردنی خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن.
رەفحەت دیردەساوی، دانیشتووی دێربەلەح دەڵێت، "ئەمە ناوەندی دابەشکردنی خۆراکی دێربەلحە، بەڵام وەکو دەبینی کەسی لێ نییە. دەرگەکان داخراون. تەنیا خوامان هەیە، تەنیا خوا لەگەڵمانە".
رۆژ بە رۆژ کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر هاووڵاتییان زیاتر دەردەکەون.
بەگوێرەی رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، 90%ـی هاووڵاتییانی باکووری کەرتی غەززە زۆر جار لە 24 کاژێردا خواردن ناخۆن، بەڵام لە باشوور 66%ی هاووڵاتییان دووچاری ئەو دۆخە بوون.
مانگی تشرینی دووەم، 18%ـی دانیشتووانی باکووری کەرتی غەززە زیاد لە 10 رۆژیان بەبێ خواردن بەڕێکرد و لە ناوچەکانی باشووریش 13% بوو. هاوکات، 97%ـی دانیشتووانی باکووری کەرتی غەززە بێبەشن لە خۆراکی پێویست و لە باشووریش رێژەکە 83%یە.
عەبدولقادر حەداد، ئاوارەیە و باس لەوە دەکات، "لێرە دەمرین بەبێ ئەوەی پێویستی بە مووشەک و بۆردوومان بێت. ئێمە مردووین لە برسا".
لەدوای دەستپێکی جەنگەکە، ئیسرائیل گەمارۆی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی خستەسەر کەرتی غەززە، بەڵام لە رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمەوە ئیسرائیل رێگەی بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی سنووردار بە کەرتی غەززە دا.
بەگوێرەی رێکخراوی خۆراکی جیهانی، لە 21ی تشرینی یەکەمەوە هەزار و 249 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیێندراونەتە کەرتی غەززە، واتە لە دوای کردنەوەی دەروازەکەوە رۆژانە تەنیا 25 بارهەڵگر گەیشتوونەتە کەرتەکە. بەگوێرەی ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژانە کەرتی غەززە پێویستی بە 100 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ