رووداو دیجیتاڵ
گەورەترین داری کریسمس لە ئەڵمانیا لەنێو بازاڕی کریسمسی شاری دۆرتمۆند دانراوە. دارەکە 45 مەتر بەرزە و کێشەکەی 40 تۆنە.
ساڵی 1996 بۆ یەکەم جار ئەو دارە لە دۆرتمۆند دانرا، دواتر لەسەر داوای خەڵکی شارەکە بووە نەریتێکی باوی بازاڕی کریسمسی شارەکە.
نزیکەی 48 هەزار گڵۆپ بۆ رازاندنەوەی دارەکە بەکارهێنراون، بەرزی هەر یەکێک لەو مۆمانەی لەسەری نەخشێندراون دوو مەتر و نیوە کە 20 دانەیان لەسەر دارەکە هەن.
لە سەرەوەی دارەکە "پەیکەری فریشتە" دانراوە کە کێشەکەی 200 کیلۆگرام دەبێت و چوار مەتر بەرزە. خەڵک لە وڵاتانی دراوسێی ئەڵمانیاوە دەچنە دۆرتمۆند بۆ بینینی دارە کریسمسە بەناوبانگەکە.