سعودیە داوای لە رووسیا کردووە وێستگەی ئەتۆمی بۆ دروستبکات

08-12-2013
عومەر شایان
نیشانەکردن چەکی ناوەکی
A+ A-
رووداو- هەولێر

بەرپرسی رێکخراوی زانیاری و ئاسایشی سعودیە، لە سەفەری ئەم دواییانەی بۆ مۆسکۆ، داوای لە رووسیا کردووە وێسگەی ئەتۆمی بۆ وڵاتەکەی دروستبکات.

بە پێی هەواڵی کەناڵی ئەلعالەم و بە پێی سەرچاوە دیپلۆماسیەکانی لە وڵاتانی کەنداو، بەندەر بن سوڵتان، بەرپرسی رێکخراوی زانیاری و ئاسایشی سعودیە لە سەفەری 2 رۆژەی خۆی بۆ مۆسکۆ و دیدار لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، پڕۆژەیەکی پێشووی دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمی لە سعودیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا خستووەتەوە بەر باس و داوای لە مۆسکۆ کردووە یارمەتی ریاز بدات.

سعودیە و هاوپەیمانانی لە ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو، 6 ساڵ پێش ئێستا بڕیاریان دا بۆ بەدەستهێنانی وزەی ناوەکی هەوڵ بدەن، هەروەها سەبارەت بەو پرسە هەر لەو کاتەدا ئیماراتی عەرەبی رێککەوتنێکی لەگەڵ فەرەنسا واژۆکرد.

پێشتر شازادە محەممەد بن نەواف، باڵیۆزی سعودیە لە لەندەن لە وتوێژێک لەگەڵ رۆژنامەی تایمز رایگەیاندبوو: "ئەگەر ئێران چەکی ناوەکی بەدەستبهێنێت، هەموو ئەگەرەکان تاوتوێ دەکەین و یەکێک لەوانە هەوڵدانی سعودیایە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی."

هەروەها لە هەواڵەکە ئاماژە بەوە کراوە، سعودیە لە بەرنامەی ناوەکی پاکستان سەرمایەگوزاری کردووە بە مەرجی ئەوەی چەندین بۆمبی ناوەکی بۆ دروستبکرێت و ئەو بۆمبانەش ئامادەکراوە و وڵاتی پاکستان بەڵینی داوە، ئەگەر سعودیە داوای ئەو بۆمبانە بکات، دەتوانێ وەریان بگرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە