کوژرانی کاوە گەرمیانی لە میدیاکانی جیهانەوە

رووداو- ئاژانسەکان

کوژرانی کاوە گەرمیانی، لە هەندێک دەزگای راگەیاندنی جیهانی باسکراوە و  بە نیگەرانییەوە لێی دەڕوانن.

گۆڤاری کۆمێنتەری ئەمریکی نووسیویەتی، هەرچەندە هەرێمی کوردستان زۆرجار وەک شوێنێکی ئارام و کەشێکی دیموکراسی وەسفدەکرێت  و بە تەواوی لە عێراق جیای دەکەنەوە لەرووی مافی مرۆڤ و باری ئەمنییەوە، بەڵام  گەندەڵی و باسکردن لە گەندەڵی بۆ خۆی کێشەیەکی گەورەیە لەو هەرێمە و کوژرانی کاوە گەرمیانیش، بەشێکە لە دژایەتیکردنی گەندەڵی لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە و بەمەش سێیەمین رۆژنامەنووسی هەرێمی کوردستانە، کە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بکوژرێت.

 ئاژانسی وۆرلد بلوتین نووسیویەتی، رۆژنامەنووسسێکی کوردی دژە گەندەڵی لە کوردستان کوژرا، ئاژانسەکە لە راپۆرتێکیدا لەو بارەیەوە دەڵێت، کاوە گەرمیانی ماوەیەک پێش کوژرانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندبوو، کە ئەو چەند بەڵگەنامەیەکی لەبەردەستدایە باس لە گەندەڵی بەرپرسان دەکات و بەم زوانە لە گۆڤاری رایەڵ بڵاوی دەکاتەوە.

ئاژانسی وۆرڵد بلوتین لە راپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات، کە کاوە گەرمیانی  بەهۆی راپۆرتەکانییەوە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کوردستان لەو ناوچەیە  تووشی کێشە بووە، بەم دواییانەش  لە پۆلیسی گەرمیان داوای لەسەر یەکێک لە بەرپرسەکانی یەکێتی نیشتمانی تۆمارکردووە. هەروەها پێشتریش جارێک لەبەردەم دادگادا ئامادەبووە دوای ئەوەی وێنەی یەکێک لە بەرپرسەکانی شارەکەی خۆی لە راپۆرتێکدا بەکارهێنابوو، کە باسی لە گەندەڵی دەکرد.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی  ترەست سەر بە ئاژانسی رۆیتەرز، راپۆرتێکی تایبەت بە کوژرانی  گەرمیانی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باس لە هەڵوێستی رۆژنامەنووسانی بێسنوور دەکات بەرامبەر بە کوشتنی گەرمیانی و دەڵێت "رۆژنامەنووسێک کە دەیویست کار بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان بکات ، نەیتوانی کارەکانی تەواو بکات و کوژرا"، ئاژانسەکە زیاتر نووسیویەتی، گەرمیانی خۆی دەیزانی لە مەترسیدایە و بۆ ئەم مەبەستەش دەسەڵاتدارێتی شارەکەی لەو هەڕەشانە ئاگادارکردووەتەوە، کە لەسەر ژیانی هەبوون، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پارێزگاری لە گەرمیانی نەکراوە.

ئاژانسەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، لە کوردستانی عێراقدا و لەماوەی 5 ساڵی رابردوو، گەرمیانی سێیەمین رۆژنامەنووسە، کە لە رووداوی نادیاردا دەکوژرێت، دوای سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان، ئەمە لەکاتێکدا تاوەکو ئیستا بکوژی هیچ کام لەو رۆژنامەنووسانە ئاشکرا نەکراون.

کاوە گەرمیانی، سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ، شەوی پێنجشەممە 5.12.2013، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای کەلار، بە دەستڕێژی گوللە کوژرا.