ئیتاڵیا هەشت کۆچبەری دیکەی دیپۆرتی ئەلبانیا کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەیانی ئەمڕۆ کەشتییەکی هێزی دەریایی ئیتاڵیا بە هەشت کۆچبەرەوە گەیشتە کەناراوەکانی شارۆچکەی شێنجین لە باکووری رۆژئاوای ئەلبانیا.
 
هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە ئیتاڵیا رەوانەی ئەلبانیای کردن، ئەو کۆچبەرانە بوون کە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی سنووری ئیتاڵیا رێگرییان لێکرابوو بچنە نێو خاکی ئەو وڵاتە. 
 
کەشتییەکە رۆژی چوارشەممە بە 200 کارمەندەوە دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیای بەجێهێشت. 
 
فڕانچێسکۆ کامێل، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا ئەوەی دووپاتکردەوە کە کۆچبەرەکان رەوانەی ئەلبانیا کراون، بەڵام رەتیکردەوە تاوەکو پرۆسەکە کۆتایی نەیێت، هیچ زانیارییەک لەوبارەوە ئاشکرا بکات. 
 
ئەوە دووەم کاروانی کۆچبەرانە کە ئیتاڵیا لە مانگی رابردووەوە رەوانەی ئەلبانیایان دەکات، لە نێوەڕاستی مانگی رابردووش، کەشتییەکی ئیتاڵی لە دوورگەی لامپێدووسای ئەو ولاتەوە بە 16 کۆچبەرەوە گەیشتە هەمان بەندەری شاری شینجین لە ئەلبانیا. 
 
هەر ئەو رۆژە چوار کۆچبەر بە هەمان کەشتی گەڕێندرانەوە ئیتاڵیا، لەبەر ئەوەی تەمەنیان خوار تەمەنی یاسایی بوو، هەروەها سێ رۆژ دوای ئەوە، دادگەی رۆما ناردنی 16 کۆچبەرەکەی بۆ ئەلبانیا بە نایاسایی ناساند و کۆچبەرەکانی گەڕاندوە ئیتاڵیا، لەبەر ئەوەی کۆچبەرەکان خەڵکی میسر و بانگلادیش بوون و دادگەکە بە "ناسەلامەت" وەسفیکردن. 
 
ناردنی ئەو کۆچبەرانە بۆ ئەلبانیا لەکاتێکدایە، میدیای ئیتاڵیا دەڵێت، تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا هەزار و 200 کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، ئەلبانیا بۆ ماوەی پێنج ساڵ ساڵانە 36 هەزار کۆچبەر لە ئیتاڵیا وەردەگرێت و لە کامپ دەیانهێڵێتەوە. خەرجیی دروستکردنی کەمپەکان و پاشان بەڕێوەبردنیان لە ئەستۆی ئیتاڵیایە، کە پێشبینی دەکرێت ساڵانە سەرووی 215 ملیۆن یۆرۆ بێت.
 
کۆچبەرەکان لەوێ دەمێننەوە تاوەکو سەیری کەیسەکەیان دەکرێت؛ لەسەر ئەو بنچینەیە یان دەگەڕێندرێنەوە ئیتاڵیا یان رەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە.
 
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان دەگەیێننە ئیتاڵیا، بەراورد بە ساڵی رابردوو، 60٪ کەمتر بووەتەوە، زۆربەشیان خەڵکی بەنگلادیش، سووریا، تونس و میسرن. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا بڵاویکردوونەتەوە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 7ـی تشرینی دووەم، 57 هەزار و 767 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا. 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەربازێکی ئەمریکی لە باکووری سووریا. وێنە: AP

رۆبەرت کێنێدی دەڵێت، ترەمپ دەیەوێت سوپای ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە

رۆبەرت ئێف کێنێدی پێیوایە ئەگەر شەڕ لە نێوان هێزە کوردییەکان و تورکیا رووبدات سەربازە ئەمریکیەکان دەبن بە سووتەمەنی ئەو شەڕە. بۆیە دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت سەربازانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا بکشێنێتەوە.