رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، ئەوان وەکو یەکێتیی ئەورووپا لە کارکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەردەوام دەبن.
رۆژی هەینی، 8ـی تشرینی دووەمی 2024، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لەکاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی کۆمەڵەی سیاسیی ئەورووپا لە بوداپێستی هەنگاریا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە لە بە باشی کارکردن لەگەڵ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا بەردەوام دەبین".
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە لووتکەکەدا باسییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کردووە و لەوبارەیەوە گوتی: "ئەوە شتێکی راستە و پێویستیشە، لەبەر ئەوەی ئەمریکا هاوپەیمانی هەرە گرنگی ئەورووپایە".
یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا دوو ئابووریی هەرە گەورەی جیهانن و پەیوەندییەکی باشی بازرگانی لەنێوانیاندا هەیە. یەکێتیی ئەورووپا گەورەترین هاوبەشی ئابووریی ئەمریکایە.
لە رووی بەرگریشەوە هەردوولا لەسەر ئاستی هاوپەیمانێتی ناتۆ هاوئاهەنگی لەنێوانیاندا هەیە و ئەمریکا لەدوای جەنگی ساردەوە رۆلێکی گەورە لە ئاسایشی ئەورووپا دەبینێت و یارمەتی بەرگریی ئەورووپا دەدات.
لە چوار ساڵی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، کێشەی نێوان ئەمریکا و ناتۆ بە زەقی دەرکەوت، ئەمەش نیگەرانیی بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپای لێکەوتەوە، لەبەر ئەوەی لە 31 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ، 27ـیان ئەندامی یەکێتیی ئەورووپان،
ترەمپ ئەو کات داوای لە 30 ئەندامەکەی ناتۆ دەکرد لانیکەم 2٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان تەرخان بکەن بۆ خەرجیی سەربازی و بەرگری؛ بەڵام تاوەکو کانوونی یەکەمی 2019، تەنیا 9 وڵات گەیشتبوونە ئەو رێژەیە.
رۆژی 04-12-2019 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا رایگەیاند: "ویستم ئەوانەی کە لە 2٪ی بەرهەمی ناوخۆییان خەرجیی سەربازی دەکەن، بانگهێشتی خوانێك بکەم." بەڵام دواتر ترەمپ داواکارییەکانی لە 2٪یەوە بۆ 3٪ بەرزکردەوە و هەڕەشەی کشانەوەی لە ناتۆ کرد.
ئەو لە شوباتی ئەم ساڵدا هۆشداریی دابوو لەوەی هەر ئەندامێکی ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوا خەرجی سەربازییان نەگەیێننە 2٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان، بەرگرییان لێناکات.
رۆژی 5ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو و دۆناڵد ترەمپی کۆماری کێبڕکێیەکەی لە کامالا هاریسی دیموکرات بردەوە و بووە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ