رووداو دیجیتاڵ
سوزن وایڵز، سەرۆکی تیمی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە یەکەمین کەس کە سەرۆکە نوێکەی ئەمریکا لە کابینە چاوەڕێکراوەکەیدا پۆستی پێبدات.
وایڵز وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی ترەمپ، بە بەرپرسی کارمەندانی کۆشکی سپی دانرا، یەکەمین ژنە لە مێژووی ئەمریکا دا ئەو پۆستە وەربگرێت.
کاری سوزن ئەوەیە دۆسییەکانی رۆژ بخاتە سەر مێزەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی بڕیاریان لەبارەوە بدات.
بیل بارۆ، شرۆڤەکاری سیاسییە و دەڵێت: "سەرۆکی هەڵبژێردراو بەڵێنی داوە بە گشتی سیاسەتێكی نوێ بگرێتەبەر؛ بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەش پێویستی بە کابینەیەکە پشتگیری لە بیروبۆچوونەکانی بکات، کابینەیەک دەبینین لە کەسانی نزیک لە خۆی."
چەند زانیارییەک لەبارەی سوزن وایڵز، "ژنە کارگێڕە بەهێزەکەی کۆشکی سپی"
- تەمەنی 67 ساڵە و کچی پات سومەراڵ، وەرزشوانی ناوداری ئەمریکایە.
- زۆربەی ژیانی لە بواری هەڵبژاردن و کەمپەینە سیاسییەکاندا بەسەربردووە.
- یەکێک لە کارامەترین راوێژکارەکانی ترەمپە لە ساڵی 2016ەوە.
کەمتر لە ساڵێک دوای ئەوەی وایڵز دەستی بە کاری سیاسی کرد، پێش هەڵبژاردنی رۆناڵد رێگان لە ساڵی 1980، پەیوەندی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی رۆناڵد رێگانەوە کرد.
دەستکەوتە گرنگەکانی:
- بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ لە فلۆریدا لە ساڵی 2016
- رزگارکردنی کەمپەینی رۆن دیسانتیس بۆ پۆستی پارێزگاری فلۆریدا لە 2018
- سەرپەرشتیاری گشتیی هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2024ـی دۆناڵد ترەمپ
تایبەتمەندییە گرنگەکانی:
- کەم دەردەکەوێت و قسە دەکات.
- توانای رێکخستنی کاری تیمی هەیە.
- یەکێک لەو کەمە کەسەکانەیە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی ترەمپ دابنێت.
- شارەزایی لە بواری لۆبیکردن و کاری سیاسیدا هەیە.
پۆستە نوێیەکەی:
- گەورە کارمەندی کۆشکی سپی.
- یەکەم ژنە لە مێژووی ئەمریکادا ئەم پۆستە وەردەگرێت.
- بەرپرسی سەرەکی بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی کۆشکی سپی دەبێت.
- دەبێتە یەکێک لە کاریگەرترین ژنانی واشنتن.
ئاستەنگە چاوەڕوانکراوەکانی بەردەمی:
- کەمیی ئەزموون لە کاری حکومیدا و نەناسراوی لەنێو بازنە سیاسییەکانی واشنتن.
- پێویستی بە خۆگونجاندنە لەگەڵ سیستمی ئاڵۆزی حکومەتی فیدراڵی.
کەسێکی دیکە کە لە کابینە چاوەڕوانکراوەکەی ترەمپدا ناوی دێت، رۆبێرت ئێف کێنێدی جونیەر، کوڕەزای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکایە. ئەو یەکێکە لە کەسە نزیکەکان لە ترەمپ و پشتگیری لە سیاسەتە نەریتخوازەکانی دەکات.
کێنێدی جونیەر وەک بەربژێرێكی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە و پشتگیری لە ترەمپ کرد. دەڵێت، "سێ هۆکاری سەرەکی هانیاندام لە کێبڕکێکە بکشێمەوە و پشتگیری لە ترەمپ بکەم، هێزی خودی ترەمپ، ئازدی رادەربڕین، شەڕی ئۆکراینا و شەڕی دژ بە منداڵەکانمان لەم وڵاتە."
پێشبینی دەکرێت ترەمپ نیازی هەبێت کێنێدی لە پۆستێكی پەیوەست بە ژینگە و تەندروستی دابنێت کە لەوانەیە وەزیری ژینگە بێت.
ئەوەی کە جێی سەرنجە دەگوترێت ترەمپ نیازی هەیە پۆستەکانی نێو کابینەکەی زیاتر بە بازرگان و بەڕێوەبەرە سەرکەوتووەکانی کۆمپانیاکان بدات و کەمتر پشت بە سیاسی و فەرماندە سەربازییەکان ببەستێت.
ریچارد گرینێل، کۆمارییەکی تەمەن 58 ساڵی نزیک لە ترەمپە، ماوەیەک بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا بووە لە کابینەی یەکەمی ترەمپ، هەندێ راوێژی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوەی بە ترەمپ داوە و لەوانەیە رۆڵێكی سەرەکی بگێڕێت لە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا.
بیل هاگارتی، سیناتۆری کۆماری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ژاپۆن، بژارەی دووەمە، بژاردەی سێیەمیش بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە رۆبێرت ئۆبراینە کە لە کابینەی یەکەمی ترەمپ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بوو.
لە پۆستی وەزیری بەرگریدا، دوو ناو زۆر باس دەکرێن، مایک پۆمپەیۆ کە وەزیری دەرەوەی کابینەی یەکەمی ترەمپ بوو؛ لایەنگری سیاسەتی ترەمپە کە بریتییە لە هەڵنەگریسانی شەڕی نوێ و کوژاندنەوەی ئەوانەی کە هەن.
بژارەی دووەم مایکڵ وۆڵتز، تەمەن 50 ساڵە، کۆماری لە فلۆریدا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران؛ وەک سەربازی مارێنزی ئەمریکا لە ئەفغانستان بووە.
ئەوەی کە کابینەکەی ترەمپ لەوەی بایدن جیا دەکاتەوە؛ بوونی کەسانی دڵسۆز و نزیک لە خودی ترەمپە کە لەوانەیە هەندێکجار بەرژەوەندیی کەسی بەسەر نیشتمانیدا زاڵتر بێت بە تایبەتی لە سیاسەتی دەرەوەدا، هەنگاوێكە هەر زوو لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاماژەی پێدا و گوتی، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ