رووداو دیجیتاڵ
لەدوای یاریی یانەی ئەیاکس و مەکابی تەلئەڤیڤ لە یۆرۆپالیگ، شەڕ و پێکدادان روویدا و ژمارەیەک هاندەری یانە ئیسرائیلییەکە برینداربوون و سێ کەسیش شوێنبزرن.
پێشتر تیمە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هۆشدارییان دابوو لەوەی هێرش بکرێتە سەر هاندەرانی یانە ئیسرائیلییەکە، بۆیە لەگەڵ تیمە ئەمنییەکان، ئەفسەرانی مۆسادیش لەگەڵ یانە و هاندەران چووبوونە ئەمستەردام.
بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، شەڕی دەستەویەخە روودەدات و بە شەق و بۆکس لە ژمارەیەک هاندەری ئیسرائیلی دەدرێت، راو دەنرێن و بە ئۆتۆمبێل شوێنیان دەکەون.
پۆلیسی هۆڵەندی دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کەس لەسەر ئەو رووداوانە دەستگیرکراون.
نووسینگەی نەتەنیاهوو دەڵێت، سەرۆکوەزیران لەو رووداوە "شۆکهێنەرە" ئاگادارکراوەتەوە و بڕیاریداوە دوو فڕۆکە بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بنێرێت. هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بەشداری لە گەڕاندنەوەی ئەو هاندەرانە دەکەن.
نەتەنیاهوو بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دیک سخۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کردووە و داوای لێکردووە کە ئاسایشی زیاتر بۆ جووەکانی وڵاتەکە دابین بکات.
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە ئێکس پۆستێکی کردووە و هێرشەکە بە "قبووڵنەکراو" و "دژە ئایینی" ناودەبات.
تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە کە ئەوانەی هێرشیان کردووە و بەهۆیەوە شەڕ و گرژییەکە دروستبووە کێن و سەر بە چ لایەنێکن، بەڵام لەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە بەشێک لەوانەی لە شەڕەکەدا بەشدارن، بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن.
جووڵانەوەی هەفتە بۆ فەڵەستین کە پێشتر خۆپێشاندانیان دژی چوونی یانە ئیسرائیلییەکە بۆ ئەمستەردام کردبوو، رایانگەیاندووە، سەرەتا هاندەرانی یانە ئیسرائیلییەکە "ئاڵای فەڵەستینیان لە هەندێک شوێن داگرتووە، سووکایەتییان بۆ شۆفێرانی تاکسی کردووە و گۆرانییان بۆ کوشتنی منداڵان لە غەززە گوتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ