سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا: ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بووایە، جەنگی ئۆکراینا هەڵنەدەگیرسا

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دەڵێت، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2022 سەرۆکی ئەمریکا بووایە، جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڵنەدەگیرسا.
 
رۆژی هەینی 08-11-2024 ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "هەمووان دەزانن ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی 2020ی ئەمریکای بردبایەوە، رووداوەکانی ئەم دوو ساڵە خراپە روویان نەدەدا؛ هیچ جەنگێک رووی نەدەدا. ئەمریکا سەرکردەیەکی بەهێزی دەبوو کە رێککەوتنە پێویستەکانی لەکاتی خۆی دەکرد."
 
ڤیکتۆر ئۆربان گوتیشی، "ئەمریکییەکان لەم جەنگەدا (جەنگی رووسیا و ئۆکراینا) دەکشێنەوە. ئەوان هانی جەنگەکە نادەن و ناڵێن شتێکی باشە."
 
ئۆربان لەبارەی ترەمپەوە گوتی، ئەو کەسانەی کەیفیان بە ترەمپ نایەت، قسەی زۆری لەسەر دەکەن، "بەڵام ئەو شتێکی هەیە کە کەس پرسیاری لەبارەوە ناکات، ئەویش ئەوەیە ئەو جەنگ هەڵناگیرسێنێت."
 
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022 دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لەئارادا نییە.
 
ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند، ئەگەر ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت.
 
ئۆکراینا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەوە دەترسن ترەمپ لە بەرژەوەندیی رووسیا جەنگەکە کۆتایی پێبهێنێت. ئەندامانی ناتۆ دەیانەوێت کۆتاییهێنانی جەنگەکە بە زیانی ئۆکراینا نەشکێتەوە.
 
ڤیکتۆر ئۆربان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا هەیە.
 
ئۆربان بەردەوام هەوڵی کەمکردنەوە و راگرتنی یارمەتیی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەندام لە ناتۆی بۆ ئۆکراینا داوە؛ هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەکات بەبێ ئاماژەدان بە ئەنجامەکانی لەسەر خاکی ئۆکراینا و ئاسایشی ئەورووپا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەربازێکی ئۆکراینی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. وێنە: AP

رووسیا تەرمی 563 سەرباز رادەستی ئۆکراینا دەکاتەوە

حکومەتی ئۆکراینا دەڵێت، حکومەتی رووسیا تەرمی 563 سەربازی رادەستی وڵاتەکە کردووەتەوە. بەگوێرەی کیێڤ، زۆربەی سەربازەکان لە رۆژهەڵاتی دۆنێتسک کوژراون