سەرۆکی پارتی دیموکرات لە واشنتن بۆ رووداو: دەبێت بە خۆماندا بچینەوە

08-11-2024
رێبەر حوسێن
تۆماس ویڵسن، سەرۆکی پارتی دیموکرات لە واشنتن دی سی. وێنە: رووداو
تۆماس ویڵسن، سەرۆکی پارتی دیموکرات لە واشنتن دی سی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی دیموکرات لە واشنتن دی سی دەڵێت، دەبێت بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، خەڵکی ئەمریکا بەڵێنەکانی ترەمپیان لە بەڵێنەکانی دیموکراتەکان پێ باشتر بووە.
 
رۆژی هەینی 08-11-2024 تۆماس ویڵسن، سەرۆکی پارتی دیموکرات لە واشنتن دی سی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بەشدار بوو و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی شکستی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی 5ی ئەم مانگەی ئەمریکادا، تۆماس ویڵسن گوتی، "زۆر بێ هیوا بووین. ویستمان یەکەم ژن لە مێژووی ئەمریکادا بکەینە سەرۆک، بەڵام نەمانتوانی. خەڵکی ئەمریکا حەزی لەو ئاراستەیە نەبوو کە وڵاتەکە پێیدا دەڕۆیشت. ئەوان سیاسەتی ترەمپیان لە سیاسەتی ئێمە پێ باشتر بوو."
 
ویڵسن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا هۆکاری شکستی دیموکراتەکان سیاسەتی پارتەکە بوو یان ئەوە بوو بەربژێرەکەیان ژن بوو، گوتی، "بێگومان بەربژێر گرنگە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات، بەڵام چەندین کێشەی دیکە هەبوون وەکو هەڵاوسان؛ هەروەها سەلامەتیی گشتی و کۆچبەری دوو پرسی زۆر گرنگ بوون کە دیموکراتەکان نەیانتوانی چارەسەری بکەن."
 
سەرۆکی پارتی دیموکرات لە واشنتن باسی لەو ئاڵنگارییانە کرد لە چوار ساڵی داهاتوودا دووچاری دیموکراتەکان دەبنەوە و گوتی، "ترەمپ لەم کابینەیەدا لە کابینەی پێشووتر ئامادەترە. خەڵکی ئەمریکا ترەمپیان راسپاردووە و رازین لەوەی ترەمپ بانگەشەی بۆ دەکرد، نەوەک ئەوەی دیموکراتەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد. ئێمە لەم چوار ساڵەدا لە جێبەجێکردنی سیاسەتی خۆمان دووچاری سەختی دەبینەوە و دەبێت بە سیاسەتی خۆماندا بچینەوە و بزانین بۆچی شکستمان هێناوە."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی دیموکراتەکان چۆن متمانەی دەنگدەران بەدەستدەهێننەوە، ویڵسن گوتی، "دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ پارتەکەمان بکەینەوە، لە خەڵک نزیک بین و خەڵکی لە خۆمان رازی بکەین."
 
تۆماس ویڵسن بە پێویستی دەزانێت نرخی کاڵا کەمبکرێتەوە، جەنگی دەرەوە کۆتایی بێت و سنوورەکان کۆنترۆڵ بکەن، "ئەگەر سنوورەکان کۆنترۆڵ نەکرێن، ئەوە خەڵک زیاتر ناڕازی دەبێت."
 
لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەن ترەمپەوە، ئەو بەرپرسەی دیموکراتەکان گوتی، "ترەمپ هەوڵی خۆی دەدات بۆئەوەی ئەو بەڵێنانەی لەکاتی هەڵبژاردن داویەتی، بیانباتەسەر. ئەگەر نەیتوانی ئەویش شکست دەهێنێت."
 
رۆژی 05-11-2024 لە ئەمریکا جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، سێ هەڵبژاردنی دیکە کران. لێرە بە سادەیی ژمارەکان دەخەینەڕوو:
 
- هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
 
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا دۆناڵد ترەمپ توانی لەکۆی 538 دەنگی نوێنەر، دەنگی 295 نوێنەر بۆ خۆی زامن بکات و کامالا هاریسیش 226 دەنگی هێنا. لە ئەمریکا هەر بەربژێرێک پێویستی بە 270 نوێنەر هەیە بۆ بردنەوە.
 
- هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران
 
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە 100 کورسی پێکدێت، واتا لە هەر ویلایەتێک 2 سیناتۆر بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێردرێن. ئەوەی 50 کورسی بباتەوە، دەبێتە زۆرینە. کۆمارییەکان توانییان 53 کورسی بەدەستبهێنن، دیموکراتەکانیش 45 کورسییان بەدەستهێنا. دوو کورسیش بۆ بێلایەنەکان بوو. هێشتا 2 کورسی یەکلایی نەبوونەتەوە.
 
- هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە 435 کورسی پێکدێت، ئەوەی 218 کورسی بهێنێت دەبێتە زۆرینە. کۆمارییەکان توانییان 211 کورسی و دیموکراتەکانیش 199 کورسی بەدەستبهێنن. هێشتا 25 کورسی یەکلایی نەبوونەتەوە.
 
- هەڵبژاردنی حاکمی ویلایەتەکان
 
لەم خولەی هەڵبژاردندا حاکمی 11 ویلایەت هەڵبژێردران. 10 ویلایەت بۆ کۆمارییەکان و 1 ویلایەتیش بۆ دیموکراتەکان. لەکۆی 50 ویلایەت، ئێستا کۆمارییەکان حاکمی 27 ویلایەتیان لایە و دیموکراتەکانیش 23 ویلایەت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران لە تاران. وێنە: Reuters

لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەشنووسی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران پەسند کرا

رەشنووسی بڕیارنامەیەک دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و زیاتربوونی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا. ئێران بڕیارنامەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "نادادپەروەرانە و سیاسییە و لایەنگری پێوە دیارە".