چیرۆکی ریمۆنتاداکەی ترەمپ؛ گەشتێک لە کەوتنەوە بۆ سەرکەوتن

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی 2024 توانی بۆ جاری دووەم کلیلی دەرگەی کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوو وەربگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی بە جیاوازییەکی زۆر بەسەر کامالا هاریسی دیموکرات سەرکەوت. ئەم گەشتەی ترەمپ چۆن بوو؟
 
ماڵئاوا
 
رۆژی چوارشەممە 20-01-2021 رێککەوتێکی جوان لە رۆژژمێر، بەڵام نەخوازراو لە ژیانی ترەمپ. ترەمپ لەگەڵ میلانیای هاوژینی لە بنکەی سەربازیی ئەندرووز لە ویلایەتی مێریلاند گوتاری ماڵئاوایی پێشکێش کرد و گوتی، "خواتان لەگەڵ. خۆشمان دەوێن، بە جۆرێکی دیکە دەگەڕێینەوە."
 
سڵاوی سەربازی کرا و 21 جار تەقە کرا. ترەمپ و هاوژینەکەی بەرەو فڕۆکەی ئێیەر فۆرس وەن رۆیشتن و لەوێ ئاماژەی بە شتێک دا، "بەمزووانە دەتانبینمەوە."
 
دوای چوار ساڵ، ترەمپ توانی وەکو یانەیەکی تۆپی پێ کە لە خولەکەکانی کۆتایی گۆڵی سەرکەوتن دەکات، ریمۆنتادا بکات و بگەڕێتەوە.
 
رۆژی 05-11-2024 ئەمریکا بۆ 60ـەم جار هەڵبژاردنی کرد. رکابەری لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس بوو. ترەمپ توانی بیباتەوە، بەڵام بردنەوەیەکی گەورە و بە جیاوازییەکی زۆر.
 
کۆڵنەدان
 
ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی 2020 خۆی بەربژێر کردەوە و دژی بایدن تێدەکۆشا، بەڵام نەیتوانی لێی بباتەوە. ئەویش هەڵبژاردنەکەی قبووڵ نەکرد و لایەنگرەکانی هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و لەگەڵ پۆلیس پێکیاندادا.
 
لە 2021 تاوەکو 2024 واتە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بایدندا، ترەمپ رەخنەیەکی زۆری لێگیرا و بە بەرپرسی شکستی کۆمارییەکان دەبینرا، 4 جار درایە دادگە، 34 تاوانی لەسەر ساخبوویەوە و ئابڕووچوونی سێکسی لەسەر ئاشکرا بوو.
 
بەڵام ترەمپ کۆڵینەدا. رۆژی 15-11-2022 ترەمپ بەربژێربوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی 2024 راگەیاند و هەڵمەتەکەی وردە وردە خستەگەڕ، قسەی بۆ نەوەی نوێ کرد، پەنای بۆ پۆدکاست و سۆشیاڵ میدیا برد و قسەی بۆ ئەوانە کرد کە هەستیان دەکرد لەبیرکراون.
 
هەڵمەتەکان لە 2024 چڕبوونەوە، دووجار هەوڵی کوشتنی درا، بەڵام سەلامەت دەرچوو. ترەمپ تەنانەت تووشی ئاڵنگاری ئەوە بووەوە کە بایدن کشایەوە و رکابەرێکی نوێ هاتە نێو گۆڕەپان.
 
دوای بردنەوەی ترەمپ، کریس لاسیڤیتا، راوێژکاری باڵای هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ گوتی، "هەڵمەتێکی پڕ هەژەندمان بەڕێکرد؛ درانە دادگە، تۆمەتبارکردن، هەوڵی کوشتن و گۆڕانی بەربژێرەکان. هەڵمەتەکە چەندین شتی نوێی لەسەر زۆر ئاست لەخۆگرت."
 
گۆڕانی بەربژێرەکان
 
دۆناڵد ترەمپ لە حوزەیرانی ئەم ساڵ، دیبەیتێکی سەرۆکایەتی لە بەرامبەر جۆ بایدن کرد. ئەو کات بایدن بەربژێری دیموکراتەکان بوو. بایدن لە دیبەیتەکە دۆخی باش نەبوو، چەند جارێک شتی بیر دەچوویەوە و دەمیشی تەتەڵەی دەکرد. 
 
دیموکراتەکان کەوتنەخۆ بۆ ئەوەی رازی بکەن بکشێتەوە. ئەوان نیگەرانییەکی زۆریان لە تەمەن و تەندروستیی بەربژێرەکەیان هەبوو، دڵنیا نەبوون کە بتوانێت خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی بەڕێبکات.
 
"شەڕ بکەن؛ شەڕ بکەن"
 
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە بەراییەکان توانی بەسەر بەربژێرەکانی نێو پارتەکەی سەربکەوێت، ترەمپ بانگەشەی لە چەندین شار و ویلایەت کرد.
 
رۆژی 13-07-2024 لە شاری بەتڵەر لە ویلایەتی پێنسلڤانیا گەنجێک بە نیشانەشکێن تەقەی لە ترەمپ کرد، ئەوەش لەکاتێکدا ترەمپ خەریکی گوتاردان بوو بۆ لایەنگرەکانی. گوللـەیەک بەر گوێی کەوت و دەموچاوی خەڵتانی خوێن کرا. ترەمپ هەستایەوە و دەستی بەرزکردەوە، هاواری دەکرد: "شەڕ بکەن؛ شەڕ بکەن."
 
لایەنگرەکان هاواریان لێهەستا، ئیدی ئەو ساتە بووە ساتێکی مێژوویی لە ژیانی ترەمپ و هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا.
 
رۆجەر ستۆن، سیاسەتڤانی کۆماریی ئەمریکا دەڵێت: "ئەگەر دەتەوێت کەسێک گەورە و بەناوبانگ بکەیت، فڕێبیدە نێو زیندان، هەوڵ بدە مایەپووچی بکەی. ئەگەر دەتەوێت کەسێک بەناوبانگ بکەیت، هەوڵدە بیکوژی."
 
ئینجا ئەو سیاسەتڤانە لەبارەی ترەمپەوە دەڵێت: "هەموو ئەو شتانەی بەرامبەری کرا شکستیان هێنا. ئەو تەنیا گەورە و بەهێز بوو. هەموو ئەو رووداوانە، بەربژێربوونی ئەویان بارگاوی کرد".
 
رکابەرە نوێیەکە
 
تاوەکو ئەو کاتەی بایدن لە رکابەرییەکە بوو، ترەمپ چێژی لە بەرزیی ژمارەی راپرسییەکان وەردەگرت کە زۆربەیان لە بەرژەوەندیی ئەودا بوون. ترەمپ بەردەوام لە سەرزەنشتکردن و قسەپێگوتنی بایدندا بوو. بەشێک لەو وشانەی ترەمپ بەرامبەر بایدن بەکاری دەهێنا بریتیبوون لە خواروخێچ، گەمژە و پەککەوتە.
 
بایدن کشایەوە، هاریس چووە شوێنی. ترەمپ دەبوو دیسانەوە بە وزەیەکی دیکەوە بەرامبەری بوەستێتەوە.
 
کامالا هاریس وزەیەکی نوێی بە پارتەکە و هەڵمەتەکە بەخشی. راپرسییەکان گۆڕان و لە هەندێک کات هاریس لەپێشەوە بوو، هەندێک جاریش بە جیاوازیی چەند پۆینتێک بوون. 
 
لە ئەیلوولی 2024 ترەمپ و هاریس دیبەیتێکیان کرد، بە گشتی هاریس زۆر باشبوو، متمانەی زیاتری بەخۆ بوو و پلانەکانی باشتر باس دەکرد. ترەمپیش هەندێک قسەی دووبارەی کرد و چەند جارێکیش نزیک بوو لەوەی تووڕە بێت و کۆنترۆڵی خۆی لەدەستبدات. دیموکراتەکان ژیانەوە، دڵیان خۆشبوو و دەیانگوت دەیبەنەوە.
 
پێکەنین
 
رێکلامی هەڵمەتەکانی ترەمپ کەوتنە گاڵتەکردن بە "پێکەنینی هاریس" و دەیانگوت، "ئەو جیدی نییە، زۆر پێدەکەنێت و ناخۆش پێدەکەنێت."
 
ترەمپ لە بانگەشەکانییدا هاریسی بە "لیبراڵێکی مەترسیدار" ناودەبرد و چەند جارێکیش گوتی، "ئەو تێکیدا، بەڵام من چاکی دەکەم."
 
ترەمپ هەروەها دەیگوت، هاریس لە چاوپێکەوتن دەترسێت و ناوێرێت قسە بۆ تەلەڤزیۆن بکات.
 
ترەمپ وردە وردە رووی لە گرووپە جیاوازەکانی ئەمریکا کرد، قسەی بۆ ئەمریکییە بە رەچەڵەک لاتینییەکان، موسڵمانەکان و رەشپێستەکان کرد. ئەو دەیگوت، "ژنان پێیان خۆشبێت یان نا، من هەموو شتێکیان بۆ دەکەم."
 
لەلایەکی دیکەوە، هاریس هەموو سەرنجی لەسەر ئەوە بوو کە ژنان مافی لەباربردنی منداڵیان هەبێت و دەشیگوت، ئابووریی ئەمریکا چاک دەکەنەوە.
 
دوایین رۆژەکان
 
10 رۆژ بۆ هەڵبژاردن مابوو، هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەمریکا بوون. ترەمپ شار بە شار دەگەڕا و بانگەشەی دەکرد. تیمەکەی روویان لە ویلایەتەکانی وەک ڤێرجینیا و نیو مەکسیکۆ کرد، ئەوان تەنانەت لە گۆڕەپانی گاردن لە نیویۆرک هەزاران کەسیان کۆکردەوە و قسەیانکرد.
 
ترەمپ دەستی بۆ مژاری خێزان برد، لە مژارەکانی دیکەشی وەک کۆچبەران، هێنانە خوارەوەی هەڵاوسان و باشتر کردنی دۆخی ئابووری بەردەوام بوو.
 
راپرسییەکان بە جیاوازیی چەند خاڵێک بەردەوام لە گۆڕاندا بوون، بەڵام وردە وردە ژمارەکان سوور دەبوون و لە بەرژەوەندیی ترەمپدا دەبوون.
 
ترەمپ گەرم و گوڕتر باسی پلانی داهاتووی دەکرد و دەیگوت زۆرترین کۆچبەر دەردەکات.
 
شەوی هەڵبژاردن و سەرکەوتن
 
ترەمپ لە شوێنی حەوانەوەکەی خۆی لە مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا بوو، هەریەک لە ئیلۆن مەسک و رۆبەرت کێنەدی، بەربژێری سەربەخۆ کە دواتر کشایەوە، لەگەڵ ترەمپ بوون.
 
یاریدەدەرەکانی دەڵێن، ترەمپ ئەو شەوە متمانە بەخۆ دەردەکەوت و سەیری تەلەڤزیۆنی دەکرد.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، ترەمپ لەگەڵ خێزانەکەی چووە سەر سەکۆ و گوتی: "ئەمریکییەکان کۆنترۆڵی وڵاتی خۆیان کردەوە."