باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بۆ پەیامنێری رووداو لە واشنتن: سوپاس بۆ ئەو رۆڵەی لە میدیا دەیگێڕیت

رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی دەستنیشانکردنی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن وەکو یەکێک لە باشترین پەیامنێرە بیانییەکان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پیرۆزبایی لێ دەکات و سوپاسی دەکات بۆ ئەو رۆڵەی گێڕاویەتی.

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت، "کۆمەڵەی پەیامنێرانی میدیا بیانییەکان لە ئەمریکا دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن بە یەکێک لە باشترین پەیامنێرانی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024 دەستنیشان کرد."

رۆمانۆوسکی بە دیار کوردە دەڵێت، "پیرۆزە. سوپاس بۆ تۆ بۆ ئەو رۆڵەی لە میدیای چالاکی ئازاددا دەیگێڕیت."

ئەم ساڵ دیار کوردە، حەوت پەیامنێر و رۆژنامەڤانی دیکە لە تەلەڤزیۆنی CNBC، فۆکس نیوز، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەکسیۆس، ZDFـی ئەڵمانی، گرووپی تەلەڤزیۆنەکانی ئینتەرڤیژن، گۆڤاری بارۆنس، لەلایەن کۆمەڵەی پەیامنێرانی میدیا بیانییەکانەوە خەڵات دەکرێن.

ساڵانی پێشتریش چەندین رۆژنامەڤانی نێوداری نێودەوڵەتی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە لە ئەمریکا کار دەکەن، ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە. هەروەها چەندین کەسایەتی کە رۆڵیان هەبووە لە هاوکاریکردن و پاراستنی رۆژنامەڤانە بیانییەکان لە ئەمریکا لەلایەن ئەو کۆمەڵەیەوە خەڵاتکراون، لەوانەش (جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا؛ لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان؛ ئانتۆنی فاوچی، راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا)، ئەم ساڵیش لەو بوارەدا جودی جیسنبێرگ سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان CPJ خەڵات دەکرێت.

هەروەک لە ماڵپەڕی کۆمەڵەکە نووسراوە، "دیار کوردە، رۆژنامەڤانێکی کوردە و بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتی تۆڕی میدیایی رووداوە، کە یەكێکە لە دەزگا میدیاییە پێشەنگەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"؛ هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە دیار کوردە بەردەوام لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پێنتاگۆن پرسیار سەبارەت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پرسە کوردییەکان دەکات و چەندین هەڤپەیڤینی لەگەڵ بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا کردووە.

تۆڕی میدیایی رووداو لەو بارەوە دەڵێت، "جوانترین پیرۆزبایی لە هاوکارمان دیار کوردە دەکەین. هەروەها پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە لە هەموو رۆژنامەڤانانی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین. وەرگرتنی ئەم خەڵاتە کاری رووداو بەهێزتر دەکات و هەموو هاوکارانی رووداو دڵگەرمتر دەکات."