رووداو - نەمسا
15 ئەکادیمیستی کورد خۆیان بۆ خوێندنی زمانی کوردی و بەشی وەرگێڕان ئامادە دەکەن. 11 کەسیان بە کورمانجی و چواریشیان بە سۆرانی. هۆزان قاسم، خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و لە سووریا زمانی فەرەنسی خوێندووە. هەشت ساڵە لە نەمسا دەژی. ئەو بەشی وەرگێڕانی زمانی عەرەبی و ئەلمانیشی لە زانکۆی ڤێنا تەواو کردووە، ئێستا خۆی بۆ خوێندنی زمانی کوردی ئامادە دەکات.
هۆزان قاسم بە رووداوی گوت، "ئەو بڕیارەی زانکۆ ڤێنا راستی شتێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە، چونکە جاری یەکەمە لە زانکۆی ڤێنا زمانی کوردیش بخوێندرێت، بۆیە ئەوە شتێکی زۆر گرنگە کە وەربگیرێین و وەرگێڕان بۆ گەل و میللـەتەکەمان لە دادگە و شوێنە فەرمییەکان بکەین."
مەرجەکانی وەرگرتنی بڕوانامەی وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی، دەبێت فێرخواز دەرچووی زانکۆ بێت و ئەزموونی کارکردنی لە وەرگێڕانی لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت. هەروەها دەبێت بە سەرکەوتووانە دوو وەرزی خوێندن لە یەکێک لە بەشەکانی زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی ببڕێت تاوەکو بتوانن زمانی کوردی بخوێنن.
فیراس حەسەن 11 ساڵە لە نەمسا نیشتەجێیە و کاری وەرگێڕان دەکات. دەڵێت، "بەشی عەرەبی و ئەڵمانیمان دوو سیمستەر خوێند و زمانی کوردیش دوو سمستەر تەواو دەکەین. بڕوانامەمان دەدەنێ و دەبینە وەرگێڕی کوردیی ئەڵمانیا و عەرەبیشمان تەواوکردووە."
بەیان خەلکی سلێمانییە و بەشی یاسای لە زانکۆی سەلاحەدین تەواو کردووە، ئێستا یەکێکە لەو چوار کەسەی کە زمانی کوردی بەشی سۆرانی دەخوێنێت، 17 ساڵە لە نەمسا دەژی و چەند ساڵێکە لە شارەوانیی شاری ڤێنا کاردەکات.
بەیان بانەیی باس لەوە دەکات، "ئیمە زۆر زۆر خۆشحاڵین کە زمانی کوردی دەستیپێکردووە بەتایبەت من خۆم وەکو کەسێک کە کۆلێژی یاسام تەواو کردووە. ئەم خوێندنەی ناو زانکۆی ڤیەننا ناوی وەرگێڕانی دادگە و دامودەزگا فەرمییەکانی ناو وڵاتی نەمسایە . ئستا من ئەو تایتڵەم وەرگرتووە و ماستەرەکەش وەردەگرم. لە هەمانکاتدا پێشکێشی تاقیکردنەوەیەکی گەورە دەکەم کە دەزگایەکە سەربە وەزارەتی دادی وڵاتی نەماسایە. لەو ئەو تاقیکردنەوەیە سەرکەوتوو بم، ئەو کات دەبم بە وەرگێڕێکی فەرمی بۆ زمانی کوردیی زاراوەی سۆرانی هەروەها و عەرەبی و ئەڵمانی."
جەمال بۆزانی، هاونیشتمانی کۆڵی نەدا تاوەکو پڕۆژەی خوێندنی وەرگێڕانی زمانی کوردی بە فەرمی لە زانکۆی ڤێنا قبووڵ کرد.
جەمال بۆزانی بە رووداوی گوت، "ئەم زمانە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. من وەکو پارێزەرێکی کورد لێرە کار دەکەم. ئێرە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە مافی خەڵک نەک تەنیا لە بواری پەنابەرێتیدا، بەڵکو لە هەموو بوارەکان هاوکاریی خەڵک دەکەین. کاتێک دەچینە دادگەکان و هەرکەسێک ببینین کە کوردە، وەرگێڕێکی بۆ دابین دەکەین، بۆیە ئەمە زۆر گرنگە کە ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر دەبنە وەرگێڕ."
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 70 هەزار کورد لە نەمسا دەژین. لە ساڵی داهاتووەوە ژمارەی وەرگێڕی زمانی کوردیش لە نەمسا زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ