ئەرمینیا و ئازەربایجان لە واشنتن دەست بە 'دانوستاندنی ئاشتی' دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

لە رۆژی دووشەممە،7-11-2022ەوە دوو شاندی وڵاتانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە واشنتن دی سی، پایتەختی ئەمریکا دەستیان بە دانوستاندنی ئاشتی کردووە.
 
بە چاودێری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەردوو شاندی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە سەرۆکایەتیی وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە دانوستاندنی ئاشتی کردووە. بەرپرسێكی ئەمریکاش دەڵێت: "ئەوەی کە هەیە نەگەیشتووەتە ئاستی گفتوگۆی ئاشتی بەڵکو دانوستاندنی شاندی دوو وڵاتن بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردە دوژمنکارییەکان."
 
کۆبوونەوەکان لە باڵەخانەی سەرەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتی: "گفتوگۆی راستەوخۆ باشترین رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی، ئەمریکا بە پاڵپشتیکردنی دانوستاندنەکان دڵخۆشە." 
 
لە سەرەتای دەیەی نەوەدی سەدەی رابردووەوە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ دروست بووە کە دوایینیان لە ساڵی 2020 بوو و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 6  هەزار و 500 کەس لە  هەردوولا و بە شکستی ئەرمینیا کۆتاییهات؛ پاشان هەردوولا بە چاودێری رووسیا رێککەوتنێكی ئاشتییان واژۆکرد. 
 
سەرباری رێککەوتنەکە و سەرەڕای بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی رووسی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، بەڵام شەڕ و پێکدادان بەردەوام دروست دەبێت کە دوایینیان لە ئەیلوولی ئەمساڵ بوو و بەهۆیەوە لانیکەم 286 کەس کوژران. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندی گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانە و پاڵپشتی تووند لە سەروەریی ئەو دوو وڵاتە دەکات، گوتیشی، شەڕ و پێکدادانی زیاتر لە 30 ساڵەی ئەرمینیا و ئازەربایجان "قەیرانی مرۆیی گەورە"ی لێکەوتووەتەوە و ئێستا کاتی هاتووە هەنگاو بەرەو ئاشتی بنرێت، لەو چوارچێوەیەشدا هەردوو وڵات دەستپێشخەری بوێرانەیان خستووەتەڕوو. 
 
هەفتەی رابردوو، نیکۆل پاشینان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و ئیلهام عەلیێف، سەرۆکی ئازەربایجان لە کۆبوونەوەیەکی لووتکەیاندا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا بەڵێنیاندا چی دیکە پەنا بۆ هێز نەبەن، بەڵام شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند: "هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان هێرشیانکردە سەر چەند ناوچەیەک لە رۆژهەڵاتی سنووری ئەرمینیا بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە." لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ئەرمینیای بە دەستپێشخەری شەڕ تۆمەتبار کرد.