ئێران و ئەمریکا مەرجیان هەیە بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی

08-11-2021
فواد حەقیقی
ئەمریکا: ئێران دەبێ چالاکییە زیادکراوە ئەتۆمییەکانی کەمبکاتەوە
ئەمریکا: ئێران دەبێ چالاکییە زیادکراوە ئەتۆمییەکانی کەمبکاتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێران مەرجی بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، واشنتن دەبێ دان بەوەدابنێت کە هۆکاری ئەم دۆخەیە و بێ مەرج بگەڕێتەوە، هەروەها دەبێ گەمارۆکان هەڵبگرێت و گەرەنتی بداتە تاران کە جارێکی دیکە لەو رێککەوتنە ناچێتە دەرەوە. 
 
مەرجەکانی ئێران لەکاتێکدان کە بڕیارە 29ی ئەم مانگە گەڕی حەوتەمی دانوستاندنەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە. وەک ئێران، ئەمریکاش مەرجی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و کاراکردنەوەی. واشنتن داوا دەکات، تاران چالاکییە ئەتۆمییەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ سنووردارییەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی و ئامادەبێت لەبارەی چالاکییە مووشەکی و سیاسەتە ناوچەییەکانیش دانوستاندن بکات.
 
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا "دەبێت دان بەوەدا بنێت کە ئەمریکا هۆکاری بارودۆخی ئێستایە و چۆن رۆیشتووە، هەروا بگەڕێتەوە، بۆ گەڕانەوە لەو رێگە هەڵەیەش، دەبێت گەمارۆ زاڵمانە و نایاساییەکان، تێکڕا و بەشێوەی کاریگەر هەڵگرێتەوە".
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بۆ رێککەوتنەکە بگەڕێتەوە و گەمارۆکان لابدات، بەڵام ئەویش مەرجی هەیە، بایدن دەڵێت، ئێران دەبێت پابەندی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی بێتەوە، واتە دەبێت چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکاتەوە. هەروەها لەسەر چالاکییە مووشەکی و رۆڵی ناوچەیی ئێرانیش دانوستاندن بکەن. 
 
ئێران ئەم دوو خاڵەی دوایی بە تەواوەتی رەت دەکاتەوە و ئامادە نییە لەبارەی چالاکیی مووشەکی و کاریگەرییەکانی لەسەر بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمبکاتەوە.
 
حکومەتی ئەمریکا لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بۆ جێبەجێکردنی هەندێ لە مەرجەکانی ئێران کێشەی هەیە. چەند رۆژ لەمەوبەر رێبەرانی کۆماریخوازی کۆنگرێس گوتیان، حکومەتی جۆ بایدن دەسەڵاتی ئەوەی نییە بۆ هەتاهەتایە گەمارۆکانی سەر ئێران لابدات. جگەلەوە ئەگەر بێتوو رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت پێی پابەند نابن.
 
جگە لەوەش حکومەتی ئەمریکا توانای لابردنی سەرجەم گەمارۆکانی نییە. چونکە بەشێکیان کۆنگرێس سەپاندوویەتی و بەشێکیش پەیوەندییان بە مافی مرۆڤەوە هەیە و پەیوەندیی بە بەرنامەی ئەتۆمییەوە نییە.
 
وەحید جەلالزادە، سەرۆکی کۆمیسیونی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران دەڵێ: حکومەتی دۆناڵد ترەمپ هەزار و 500 گەمارۆی سەپاندووە، کە هەموویان ئەتۆمین و دانوستانکارە ئێرانییەکان ئەمجارە دانوستاندنی رژدییان لەسەر دەکەن.
 
پێش دەستپێکردنی خولێکی دیکەی دانوستاندنەکان، بڕیارە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بکات، کە مژارێکی دانوستاندنەکانی پەیوەندیی بە دانوستاندنە ئەتۆمییەکانەوە هەیە.  
 
سەرەڕای ئەم هەوڵە نوێیانەی ئێران، جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی رابردوو گوتی، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ رەخساندنی هەلی دانوستاندن، ئێران هێشتا مەیلی نیشان نەداوە بۆ ئەوەی پابەندییەکان بە رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.