ترەمپ: هەڵبژاردنەکەیان لێ دزین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا رایدەگەیێنێت، "ئەوان [دیموکراتەکان] دزن و بەرپرسانی شارە گەورەکانیش گەندەڵن، ئەو هەڵبژاردنەشی کە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنێکی دزراو بوو".
دوای چوار رۆژ لە چاوەڕوانی، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان زۆرینەی دەنگەکانی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی بردەوە و بووە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بردنەوەیەک کە هێشتا دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دانی پێدا نانێت و دەڵێت، ساختەکاریی کراوە.
لەماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا، دۆناڵد ترەمپ چوار تویتی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، "تازە پێدەنێینە قۆناخی جیاکردنەوەی دەنگەکان... چەند کەیسێکیشمان بینیوە کە دەریدەخات ساختەکاریی لە دەنگدان کراوە".
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا باس لەوە دەکات، مێژوویەکی دێرینیان لەگەڵ کێشەکانی هەڵبژاردن لە وڵاتەکەیان هەیە. دەشڵێت، ئەگەر کێشەیەک هەبووبێت لە پشتڕاستکردنەوەی دەنگەکان، ئەوە مانای ئەوەیە "بەجیددی" کاری کردووەتە سەر تەواوی سیستەمی هەڵبژاردن.
دوایین تویتی ترەمپ کە چەند خولەکێک لەمەوبەر کراوە، باس لەوە دەکات، بەجۆرێک ساختەکاری کراوە، کە "ئەستەمە بیهێنیتە پێشچاوی خۆت کە لەو ویلایەتانە ژمارەی دەنگەکانی بایدن ئەوانەی باراک ئۆباماشیان تێپەڕاندووە".